سمكۆ محه‌مه‌د
خودجۆرى ئه‌و كارێكته‌ره‌یه كه ده‌یه‌وێ هه‌میشه جیاواز له خه‌ڵكى عه‌وام خۆى نیشان بدات و جه‌نگى بابه‌تى و جۆرى ده‌كات، به‌و پێیه‌ى ئه‌و توانایه‌ى كه له‌م جۆره كارێكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا ده‌بینرێ، لانیكه‌م له ئاست خوده‌كانى تر ئه‌فرێنه‌ره له ژیاندا و هه‌ر ئه‌ویشه چه‌مكى ئه‌وى تر‌ى جیاواز له سیاسه‌ت و شێوازه‌كانى مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنێ، ئیتر هه‌ر له هۆشیارییه‌وه بگره تا ده‌گاته درككردن به‌پێشهات، له چالاكه‌وه تا ده‌گاته جه‌سوور، له كه‌سى واقیعییه‌وه تا ده‌گاته ئه‌فسانه‌یى، هه‌موویان له ئینسانى خودجۆریدا كۆ ده‌كرێنه‌وه كه سه‌ره‌نجام سیاسه‌ت جێگۆڕكێیان پێ ده‌كات و ئه‌ویتر به‌رهه‌م ده‌هێنێ، به‌رهه‌مێك كه ئێسته له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا ده‌بینرێ.
بۆیه ئه‌م چه‌مكه به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه موناقه‌شه ده‌كه‌م له‌م گۆشه‌یه‌دا كه ره‌نگه خوێنه‌ر هه‌بێت پێى وابێت ئێسته كه جه‌نگى سیاسه‌ت و ململانێ له كوردستان و ناوچه‌كه گه‌رمه و وه‌ختى ئه‌و جۆره موناقه‌شه‌یه نییه، به‌ڵام به‌بڕواى من ئێسته باشترین كاته كه له ئه‌نجامى ئه‌وه‌ى سیاسه‌ت هه‌موو كایه‌كانى تر‌ى خستووه‌ته خزمه‌ت خۆیه‌وه، خودجۆرى به‌مانا فراوانه‌كه‌ى هه‌ست پێ بكه‌ین و بزانین ئایا ئه‌و جیاوازییه له ئاستى تاكدا راسته یان وه‌هم، بیانووم بۆ رژدیى ئه‌م موناقه‌شه‌یه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر خودجۆرى نه‌بووایه، نه‌مانده‌توانى كه‌سه ئاساییه‌كان پۆلین بكه‌ین و له‌وێوه هه‌م باڵانس بۆ سیاسه‌ت دابنێین، هه‌م ده‌ره‌نجامى كێبه‌ركێكه پێشبینى بكه‌ین، چونكه به‌پێچه‌وانه‌وه خودجۆرى هه‌موو ئه‌و هاوكێشانه دیاری ده‌كات كه خودێك له‌وى تر جیا ده‌كاته‌وه، وه‌ك چۆن كاڵایه‌ك له كاڵایه‌كى تر جیا ده‌كرێته‌وه به‌هۆى كوالیتییه‌وه.
ره‌نگه شانۆ و تێكستى شانۆیى باشتر له‌هه‌ر كایه‌یه‌كى تر بتوانێ كارێكته‌رى خودجۆریمان بۆ پێناسه بكات، سلانسلاڤیسكى كه تیئۆریزه‌كه‌رێكى بوارى شانۆیه و زۆر پشتى پێ ده‌به‌سترێت وه‌ك سه‌رچاوه، پێی وایه كه هه‌ست پێشه‌واى ئینسانه و هه‌ندێ جاریش عه‌قڵ، بوونى هه‌ردووكیشیان داهێنان به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێ به‌مانا مۆدێرنه‌كه‌ى، زۆربه‌ى خودجۆرییه‌كان كه له تێكستى شانۆییدا ئاماده‌ییان هه‌یه و به‌تایبه‌تیش شانۆى شكسپیر، باشترین نموونه‌ى ئه‌و خودانه‌یه كه له ژیانى واقیعیدا هه‌ن، بۆیه ده‌ڵێم تێكست و شانۆكانى شكسپیر، چونكه شكسپیر له سه‌رده‌مى خۆى و به‌هۆى تێكسته‌كانییه‌وه، ته‌واو وێناى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كردووه كه خودجۆرییه‌كان وه‌ك كارێكته‌رێكى ئه‌كتیڤ كایه ده‌كه‌ن له سیاسه‌تدا كه دواجار له ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
جه‌ساره‌ت یه‌كێكى تره له خه‌سڵه‌ته‌كانى خودجۆرى، كه‌سێكى ئازادیخواز یان مۆدێرن بۆ سیاسه‌ت، چونكه كێبه‌ركێى دژه‌كه‌ى ده‌كات كه ئاینخوازه یان توندڕه‌وى ئیدیۆلۆجى ناحاڵى، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌راورد نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ى ته‌ماشاكردنێكى واقیعییانه‌یه كه سیاسه‌ت له‌پێناو مانه‌وه‌ى خۆیدا جیاوازییه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه، بۆ نموونه ئه‌و خودجۆره‌ى كه له‌باره‌ى پرسى ژنانه‌وه به‌رگرى ده‌كات و به‌یه‌كسان ته‌ماشاى ژن ده‌كات له‌گه‌ڵ پیاو، جه‌ساره‌ته له به‌رانبه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى كه ژن وه‌ك كائینێك بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى، هه‌روه‌ها بۆ خۆنوێكردنه‌وه له ئاستى سیاسى كه ئه‌م حاڵه‌ته ئێسته له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا له‌لاى هه‌موو حزبه راست و چه‌په‌كان هه‌ستی پێ ده‌كرێت كه به‌رهه‌مى تێگه‌یشتنى به‌شێك له خودجۆرى حزبییه، له‌حاڵێكدا ئه‌مه جه‌ساره‌ت نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ى كوشتنى جه‌ساره‌ت و ئه‌ویترى سیاسییه، ئه‌م بابه‌ته ته‌واو فكرییه و بۆ ده‌سته‌بژێرى رۆشنبیره تا موناقه‌شه بكرێ، به‌ڵام گرینگه هه‌موو خوێنه‌رێك مه‌عریفه‌یه‌كى كه‌مى له‌باره‌وه هه‌بێت، تا به‌دواى ره‌گوڕیشه‌ى چه‌مكه‌كه بگه‌ڕێین و شیته‌ڵى بكه‌ین.
گه‌ڕانه‌وه بۆ بیركردنه‌وه له خود و دروستكردنى فه‌زایه‌ك بۆ خود، جۆرێك گفتوگۆى ناوه‌وه‌ى خوده كه بۆ به‌رده‌وامبوونه له‌و دابڕانه‌ى پێوه‌ندییه‌كى دیالیكتیكی هه‌یه له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ره‌وه‌ى خود كه ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌پێنراوه، ئه‌م جۆره گه‌ڕانه‌وه‌یه له ئاستى خود، وه‌ك لینین ده‌ڵێ (هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه و دوو هه‌نگاو به‌ره‌و دواوه)، چونكه ململانێیه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌و دژانه‌ى كه ئینسان به‌ناچار رۆژانه روبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، ره‌تكردنه‌وه‌ى ره‌تكردنه‌وه‌ش واته (نفى نفى) له ئه‌نجامى گه‌ڕانه‌وه دروست ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه ناتوانین ده‌ستنیشانى كه‌سێكى خودجۆر بكه‌ین و به‌راوردى بكه‌ین له‌گه‌ڵ كه‌سێكى ئاسایى، ئه‌گه‌ر بیر له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى مه‌عریفى نه‌كاته‌وه، تا له ئاستى سیاسی‌دا ئه‌ویتر نه‌ناسێ.