په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌ك
ناسیۆنالیزمی توركی و كوشتنی ئه‌وانی تر
به‌یانیان هه‌موو قوتابییه‌ك له توركیا ده‌بێ سروودی نه‌ته‌وه‌یی توركی بڵێنه‌وه و بڵێن "شانازی به توركبوونی خۆمه‌وه ده‌كه‌م". یه‌كێك له ماناكانی ئه‌م كرده‌یه گرێدانه‌وه‌ی توركبوونه به پرسی بایۆلۆجیا، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو ئۆرگانه‌كانی جه‌سته‌ت به‌شدار بن له پرۆسه‌ی توركبووندا، له رێی جووڵه‌كانی ده‌نگ و زمانه‌وه بڵێیت من توركم نه‌ك ته‌نیا له ڕێی كاغه‌ز و دۆكیۆمێنته‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه.
توركبوون له توركیا جووڵه‌یه‌كی ئۆرگانییه و لكێنراوه به ئۆرگانه جیاوازه‌كانی جه‌سته و سپێرم و هێلكه‌دانی نێر و مێی هاووڵاتی توركه‌وه. راستییه‌كه‌ی ناسیۆنالیزمی توركی له‌سه‌ر مۆدێلی ناسیۆنالیزمی نه‌ژادی رێكخراوه كه زیاتر حیكایه‌ته‌كان ده‌باته‌وه بۆ پرسی خوێن و سپێرم و ئۆرگانه بایه‌لۆجییه‌كان، بۆیه داخراو، ده‌مارگیر و توند ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام مۆدێلی ناسیۆنالیزمی سڤیل كراوه‌تر و نه‌رمتره، هه‌موو ئه‌وانیتر له‌خۆ ده‌گرێت و شوێنیان بۆ ده‌كاته‌وه.
له‌كاتی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی توركیای هاوچه‌رخ كه‌مال ئه‌تاتورك و هاوڕێكانی ده‌یانویست له رێی ئه‌م جۆره ناسیۆنالیزمه‌وه سنوور، باڵایی، ده‌وڵه‌ت وه‌ك ده‌زگه‌یه‌ك بۆ خنكاندنی ئیتنیكه ناتوركه‌كان به‌رهه‌م بێنن، چونكه ده‌ترسان توركیای هاوچه‌رخ وه‌ك ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌هۆی فره‌یی و پلۆڕاڵبوونی ناسنامه‌كه‌یه‌وه پارچه‌پارچه بێت و ناوكه‌كه‌یان له ده‌ست بچێت.
دوو
پرسی كورد وه‌ك پرسێكی به ئاسایشكراو له دیدی توركیاوه
هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ردانی كۆماری توركیای كرد و چاوی به سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته ئه‌ردۆغان كه‌وت. وا دیاره ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكه‌یان زیاتر پرسی ئاسایش بووه، له ناویشیدا ئاسایشی سنوور. ئه‌ردۆغان دواتر هه‌م داعش و هه‌میش گوله‌نییه‌كان و په‌كه‌كه‌ی به تیرۆریست ناو برد. له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و عێراقدا پرسی ئاسایش ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی بووه له نێوانیان.
ئاسایش به مانای ئه‌وه‌ی چۆن به‌شێك له ئه‌كته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو جه‌سته‌ت وه‌ك ده‌وڵه‌ت یه‌كسان ده‌كه‌یت به پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاسایش.
توركیا له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ ده‌ستكاری چوارچێوه‌كانی كێشه‌ی كوردبوون بكات، ده‌ستكاری به مانای ئه‌وه‌ی كورد له بونیاد و ناسنامه‌كه‌ی داببڕێت و كوردبوون وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئۆنتۆلۆجی بگوازێته‌وه بۆ كوردبوون وه‌ك دیارده‌یه‌كی پڕ له مه‌ترسی و تێكدانی دۆخی ئاسایش، یان به ئاسایشكردنی ئاماده‌بوونی كورد له توركیادا.
ئه‌م پرۆسه‌یه له‌ناو هه‌ناوی ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ئاڵۆزه و ده‌وڵه‌ت وه‌ك باڵاترین ده‌زگه بۆ رێكخستن و دیسپلینكردنی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناتوانێ ناسنامه یه‌كسان بكات به چه‌مكی ئاسایش، به‌تایبه‌ت مۆدێرنه‌ی توركیا مۆدێرنه‌یه‌كی زگماك و بێ دایك و باوكه، شێوازی كاركردن و جووڵه‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له ئه‌وروپا جیاوازه له توركیا. مۆدێرنه وه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌بێ پلۆڕاڵیزم و گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی راسته‌قینه و كولتووری سیاسی ناتوانێ جووڵه بكات.
ئه‌ردۆغان ئێسته هه‌م كورد و هه‌میش به‌شێك له تورك/گوله‌نییه‌كان به مه‌ترسی داده‌نێت بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌م دۆخه جیاوازه له دۆخی ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی توركیا. چونكه ئێسته گوله‌نییه‌كان وه‌ك ئه‌كته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی تێكه‌ڵ كراون به پرسی ئاسایشه‌وه و دیاره ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ له‌م رێیه‌وه میرات و سه‌رمایه و كه‌له‌پووری ئاینیی له گوله‌نییه‌كان وه‌ك هێز داببڕێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقیش باس كراوه. راستییه‌كه‌ی توركیا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش هه‌ر به به‌رهه‌مهێنانی ئاسایش داده‌نێت بۆ خۆی، بۆیه پێ ده‌چێت ئه‌مجاره توركیا هه‌وڵ بدات له ڕێی كۆمپانیاكانیه‌وه له مووسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا به قووڵی ئاماده بێت، به‌و مانایه‌ی هه‌م سه‌رمایه له عێراق ببات و هه‌میش له‌ڕێی دروستكردنی قوتابخانه‌ی توركییه‌وه هێزی نه‌رمی خۆی وه‌ك كولتوور و بیركردنه‌وه و مێژوو له دنیا بڵاو بكاته‌وه، یا باشتر چاودێری جووڵه‌ی ئه‌وانی تر بكات له ده‌وروبه‌ری مووسڵ. به‌و پێیه‌ی توركیا تا ئێسته‌یش مووسڵ به حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خۆی داده‌نێت.
سێ
ئیستانبوڵ و شاری گه‌ردوونی
"ئیستانبوڵ/ئه‌ستانه‌ی دوێنێ" له دنیای توركیدا به ته‌نیا شار و ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری نییه، وه‌ك چۆن به ته‌نیا جیۆگرافیای پیشه‌سازیی سێكس و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی غه‌ریزه شاراوه‌كانی دیوی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ نییه! ڕاسته ئه‌مڕۆ لیبڕاڵیزمی-ئیسلامی ئه‌و شاره‌ی كردووه به كارخانه‌ی ده‌ستكاریكردن و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ (پرچ چاندنه‌وه، نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری لێو، سینگ، ڕووخسار به‌گشتی!) ئه‌وه‌ش ڕاسته كه ئه‌م شاره خاوه‌ن ده‌ریایه و كچ و كوڕه‌كانی ماچ له ڕووبه‌ره گشتییه‌كاندا ده‌گۆڕنه‌وه، مزگه‌وتی گه‌وره‌ی لێیه، ئیمانداری زۆری لێیه و پێكدادانی فكریش دروست نابێت.
ئیستانبوڵی ئه‌مڕۆ به‌شێكه له‌و سیستمه‌ی ژیانكردن كه پێی ده‌گوترێ "كۆزمۆپۆلیتان/شاری گه‌ردوونی" ڕۆژگارێك ئیستانبوڵ/ئه‌ستانه‌ی دوێنێ، سه‌نته‌ری بڕیاری ئوڕاسیا بووه، ده‌ستی بۆ ئه‌وروپا بردووه، له ئه‌فه‌ریقا ئاماده‌یی هه‌بووه، سیاسه‌تی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی بۆ داڕشتووه، وه‌ك بازاڕێكی گه‌وره‌ی ئابووری ده‌ركه‌وتووه و هه‌موو جیۆگرافیا (به مانا سیاسییه‌كه‌ی) ژێرده‌ستی به‌خۆی به‌ستووه‌ته‌وه. ڕۆژگارێك سووڵتانه‌كانی ئیستانبوڵ خاوه‌ن ڕووبه‌رێكی فراوانی ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان و ڕێككه‌وتننامه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی بوونه.
ئیستانبوڵ له دنیای ئه‌مڕۆدا پڕه له ژاوه‌ژاوی سیاسی، جاران ده‌یانگوت: "ئه‌گه‌ر دنیا یه‌ك وڵات بێت، ده‌بێت ئیستانبوڵ پایته‌خته‌كه‌ی بێت"، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئیستانبوڵ ده‌بێته پایته‌ختی نائارامی و دڵه‌ڕواكێی دنیا.
ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ی ئه‌م شاره، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ "فۆكۆ و بایه‌پۆڵیتیكس/ژیان و سیاسه‌ت". فۆكۆ كلیك له‌سه‌ر پانتاییه‌كانی سیاسه‌ت ده‌كات له به‌رده‌م ژیان به سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌ز و پێكهاته‌كانیه‌وه، چۆن له رێی سیاسه‌ته‌وه جارێكی تر ژیان به‌رهه‌م بێنینه‌وه، ژیان به‌هه‌موو سه‌ختی و هه‌نده‌سه ئاڵۆزه‌كه‌یه‌وه له منداڵدانی سیاسه‌ت بێنینه ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت و چۆن ژیان دابڕێژرێته‌وه؟.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئاماده‌یی هه‌یه له ئیستانبوڵدا، سڕینه‌وه‌ی ئه‌م شاره خۆیه‌تی له‌رێی سیاسه‌ته‌وه، سیاسه‌ت له‌بری ژیان، مه‌رگ به‌رهه‌م دێنێت، مه‌رگ ده‌به‌خشێته‌وه، مه‌رگ دابه‌ش ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌و شاره‌دا ڕوو ده‌دات به به‌غداكردنی ئیستانبوڵه و ئه‌ردۆغان پێچه‌وانه‌ی فۆكۆ، ژیان ده‌خاته‌وه هه‌ناوی سیاسه‌ته‌وه و ژیان ڕاده‌ستی سیاسه‌ت ده‌كاته‌وه.