لیژنەی بەرگری و ئاسایشی عێراق هۆشداریی لە دروستبوونی مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی عێراق دەدات

:: PM:07:12:01/05/2023 ‌
كەریم علێوی ئەندام لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دا لەوەی چەند سەركردەیەكی دیاری رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە كەمپی هۆڵ لە سووریا دیار نەماون و رەنگە هاتبن و دزەیان كردبێتە خاكی عێراقەوە. 

ئەمڕۆ دووشەم یەكی ئایاری 2023، كەریم علێوی ئەنداامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، بزربوون و دیارنەمانی ژمارەیەك سەركردەی دیاری رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە كەمپی هۆڵ لە سووریا هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری لە عێراقدا. 

ئەندامەكەی لیژنەی بەرگری و ئاسایش زیاتر روونی كردەوە، ترس لەوەهەیە كە ئەو سەركردە دیار و ئەندامانەی داعش كە لە كەمپەكەدا دیار نەماون هاتبن بۆ عێراق، ئەمە لە كاتێكدایە كە عێراق ماوەیەكی زۆرە كار بۆ داخستنی كەمپەكە دەكات، چونكە عێراق پێی وایە كەمپی هۆڵ مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكە دروستدەكات بەهۆی نزیكی سنووریی كەمپەكەوە. 

علێوی ئەوەیشی گوتووە، گومان دەكرێ تیرۆرستانی ناو كەمپی هۆڵ وەك كارتی فشار و هەڕەشە لەلایەن ئەمەریكاوە دژی عێراق بەكار بهێندرێن.

كەمپی هۆڵ یەكێكە لەو كەمپانەی كە دەكەوێتە كۆتاییەكانی باشووری شاری ئەلهۆڵ لە پارێزگای حەسەكە لە باكووری سووریا و نزیكە لە سنووری عێراق، بە یەكێك لە كەمپە گەورەكانی پەنابەران دادەنرێت و زیاتر لە 30 هەزار كەسیان هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین، بەپێی ئاماری ساڵی 2019 زیاتر لە 74 هەزار پەنابەری بە رەگەزە جۆراوجۆرەكانەوە تێدا نیشتەجێیە، زۆربەیان منداڵ و ژنن.


وشە - تایبه‌ت