هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی هەردوو مادەی 13 و 14 كۆ دەبێتەوە

:: PM:04:56:29/05/2023 ‌

پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تووشی تەنگژەیەكی تری سەخت بووەتەوە، كە لە لایەك كاریگەری لەسەر بەردەوامیی حكوومەتی عێراق هەیە و لە لایەكی تر كاریگەری لەسەر تێپەڕكردنی بودجە هەیە، كاتێك ژمارەیەك ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستكاری بڕگەكانی پێوەست بە هەرێمی كوردستانیان لە بودجە كرد، ئەمشەو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو مەبەستە كۆ دەبێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لاینەكانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا كۆ ببنەوە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەیان گفتوگۆكردنە لەبارەی بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.

كۆبوونەوەكە لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ساز دەكرێت و نوێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەكێتی و سیادە و عەزم و بابلیوون ئامادەی دەبن، ئەوان باسی هەردوو مادەی 13 و 14ی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق دەكەن، كە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان و پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە.

دوێنێ لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆ بوونەوە و تاوتوێكی كێشەكانی ناو بودجەیان كرد، بەتایبەتی سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، دووپاتیان لە چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و پەلەكردن لە تێپەڕاندنی بودجە كردەوە.

فەیسەل نائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەو بارەوە گوتی، ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو پڕۆژەیاسای بودجە كۆ دەبنەوە، روونی كردەوە كە لیژنەكەیان كارەكانی نەوەستاندووە، بەڵكو بۆ دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوای خستووە بۆ فەراهەمكردنی هەلێك بەوان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو مادانەی پێوەندیان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە. 

هەر ئەمڕۆ رێباز حەملان، یاریدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی رای گەیاند كە ئەمشەو لایەنەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆ دەبنەوە، بۆ باسكردنی كێشەكانی ناو بودجە و بابەتی تری پێوەست بە عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل