گەورە بەرپرسێك كوژرا

:: PM:12:28:27/08/2023 ‌
توركیا بڵاوی كردەوە، گەورە بەرپرسێكی پەكەكە كە چەندان بەرپرسیاریەتیی هەبووە، لەلایەن فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان كرایە ئامانج و كوژرا، پێشتر پاسەوانی تایبەتی دوران كاڵكان بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی ئاب، میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، لە سنووری چیای گارە، بەرپرسێكی باڵای پەكەكە بە ناوی قەدری ئەنجوو، لە ئۆپراسیۆنێكی دەزگای هەواڵگری بە بۆردمانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كوژرا.

باس لەوەش كراوە، ئەو كوژراوە چەندان بەرپرسیاریەتیی هەبووە، دواین پۆستی بەرپرسی هاتوچۆی چەكداران و بەیەكگەیاندنی گرووپەكانی پەكەكە بووە‌ لە نێوان‌ چیای گارە، مەتین زاب و حەفتانین و تەنانەت لە نێوان رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان و چەندان شوێنی تر.

لەبارەی ژیانی قەدری نووسراوە، قەدری لە ساڵی‌ 2015 تا 2017 پاسەوانی دوران كاڵكان بووە، لە 2018ـەوە چووەتە گارە و بووەتە بەرپرسی هاتوچۆی چەكدارانی پەكەكە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەوە پێنجەمین بەرپرسی پەكەكەیە كە لەلایەن فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان بكرێتە ئامانج و بكوژرێت.




وشە - رامیار جەواد