یووسف كلابی لە پەرلەمانتارییەوە بۆ سەركردەیەكی گوماناوی

:: PM:09:45:20/09/2023 ‌

لەكاتی دانیشتنەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی یاسای بودجە و لەناو پەرلەمانیش لە كاتی تاوتوێكردنی بڕگە و مادەكانی یاساكە، بەتایبەتی پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان، یووسف كلابی، پەرلەمانتاری عێراق و ژمارەیەكی ئەندامی تر بوونە نەیاری سەرسەختی مافەكانی خەڵكی هەرێم، تا پێیان كرا بە پاڵپشتی ژمارەیەك ئەندامی كورد، دژی مافە رەواكانی كورد وەستانەوە، لەوە زیاتر سووكایەتییان بەو لایەن و ئەندامە كوردانەش كرد كە لەو كارە لەپاڵیان وەستانەوە.

وەك "ئێرس نیوز"، لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی بەناوی "كڕینی ئەستۆ" باسی دەكات، خەریكەی بارستەیەكی نوێی پەرلەمانی دروست دەبێت، بەڵام ئەو بارستەیە بەها و پرەنسیپ و خاڵی تری هاوبەش كۆیان ناكاتەوە، بەڵكو لەسەر بنەمای پارە دامەزراوە، چیڕۆكەكەی لە یووسف كلابی پەرلەمانتارەوە دەست پێ دەكات.

زیاتر هاتووە، دوای ئەوەی لەكاتی تەنگژەی دەنگدان لەسەر یاسای بودجە ناوی بەدیار كەوت، بەهۆی پێوەندییەكانی لەگەڵ چنێكی نزیك لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان، ئەو بڕیاری دا بچێتە قۆناغێكی سەرووتر ئەویش سەركرایەتییە، بۆیە پەنای بردە بەر كۆكردنەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ پێكهێنانی بارستەیەك، بەڵام كۆكردنەوەی ئەوان بێ بەرانبەر نەبوو، بەڵكو نزیك لە كڕینیانە.

هەر بەپێی تۆمارەكە، كلابی چەندان ملیۆن دۆلاری بەوان داوە بۆ پێكهێنانی بارستەكەی، پرسیارەكە ئەوەیە كلابی ئەو هەموو پارەی لەكوێ هێناوە؟، ئاخۆ پێوەندییە تایبەتییەكانی رۆڵیان هەبووە لە پاڵپشتیكردنی بە پارە لە لایەن حەلبووسییەوە؟، لەپاڵ ئەو پرسیارانە بابەتی دەستپاكی و توانستی پەرلەمانتاران سەر هەڵدەدات، ئەوانەی بەرانبەر بە پارە دەچنە ناو بارستەكانەوە، بۆیە ئاخۆ بارستە كڕدراوەكەی كلابین گەندەڵی رەت دەكاتەوە و بەرگری لە مافی نیشتمان و هەژاران دەكات؟   
  
یووسف كلابی، لەدایكبووی 1979، لە 2018ەوە پەرلەمانتاری عێراقە، ئەندامی لیژنەی نەزاهە بووە و بۆ ئەم خولەش بە بڕیارێكی دادگەی فیدراڵ هێنرایەوە پەرلەمان و كرا بە ئەندامی لیژنەی دارایی، پێشتر ئەندامی فراكسیۆنی نەسڕ بوو، بەڵام دەستی كێشایەوە، ماستەرەكەی لەسەر حەشدی شەعبییە و یەكێكە لە نەیارە سەرسەختەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.  



وشە - تایبه‌ت