دادگا فیدراڵيی پەرلەمانتارە دژە كوردستانییەكەی دەمكوت كرد

:: AM:10:10:21/09/2023 ‌
پەرلەمانتارێكی دژە كوردستان بەناوی مستەفا سەنەدی، سكاڵا  لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تۆمار كرد لەبارەی ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام دادگا بە نەخێر وەڵامی دایەوە.

لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەمی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مانگانە بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەوەیش تا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن، لە بەرانبەردا پەرلەمانتارێك سكاڵای لەبارەی ئەو بڕیارە تۆمار كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئەیلوول، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی داواكاریی پەرلەمانتار مستەفا سەنەدی ڕەت كردەوە بۆ دەركردنی "ئەمری ولائی" بۆ ڕاگرتنی كاركردن بە هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ ژمارە 23500 و 23520 لە ساڵی ٢٠٢٣، تایبەت بە پێدانی قەرزێك بە بڕی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ سێ مانگ بە حكوومەتی هەرێم.

ئەو پەرلەمانتارە لە ماوەی رابردوو چەندان جار دژایەتیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و بەردەوام هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەدات.



وشە - رامیار جەواد