عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا، هاوكات لە گەندەڵترینیانە، یەكێك لە هۆكارەكانی كەڵەكەبوونی تەنگژەكان و مانەوەیان بە بێ چارەسەری، ئەو گەندەڵیەیە كە لە پشتیانە، كاتێك حزب و میلیشیاكان بەردەوامی بە تەنگژەكان دەدەن و تەنگژەی تر بۆ تێكەڵكردنیان و شاردنەوە و ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە و هێشتنەوەیان بە بێ چارەسەری دروست دەكەن.
عەدنان تەمیمی، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، زۆرێك لەو تەنگژانەی لە عێراق هەن لە لایەن چەنی دەسترۆیشتوو كە حزبی گەورەیان لەپشتە دروستكراون، ئەوەش بە مەبەستی چەند ئامانجێك لەوانە بەرژەوەندی دارایی و پارێزگاریكردن لە دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی لە بواری ئابووریدا، لەوانەش بازاڕی دۆلار كە ئێستە بۆ باڵە ئابوورییەكانی ئەو حزبانە وەك ئەشكەوتەكەی عەلی بابای لێ هاتووە.
روونی كردەوە، دەوڵەمەندبوونی هەندێك حزب لە رێگەی كردنەوەی كەناڵ و نووسینگە و رێكخستنی هەزاران كەس، قەبارەی بەهەدەردانی دارایی ئەو پارەشی كە لەو رێگەیەوە دەستیان دەكەوێت بەدیار دەخات، لەوكاتەی زۆرینەی حزبەكان درك بەوە دەكەن كە مانەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی پێوەستە بە ئاستی ئەو پارەی دەستیان دەكەوێت، ئەوەش لە رێگەی كڕینی دەنگ لە هەڵبژاردن.
تەمیمی دووپاتی كردەوە كە بازاڕی دۆلار لە عێراق نزیكترین وێنەی ئەو گەندەڵی و ئەو یارییەیە كە حزبە باڵادەستەكان لە هەڵكشاندن و داكشاندنی نرخی دۆلار دەیكەن، و لەو رێگەیەوە و لە ماوەی چەند خولەكێك چەندان ملیاریان دەست دەكەوێت.