ئێران دەست لە سووریا هەڵناگرێت، جیا لەوە خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت و داواش لە توركیا و ئەمەریكا دەكات خاكی ئەو وڵاتە جێبێڵن، لەم چەند رۆژەدا فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی سووریا دەكات، لە ئەركێك كە بە هەستیار و گرنگ وەسف دەكرێت.
لەو سەردانەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ سووریا، كە چەند وڵاتێكی تری ناوچەكە دەگرێتەوە، چاوی بە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی سووریا دەكەوێت، جیا لە بەسەركردنەوەی شارەزا و میلیشیاكانی سەر بە وڵاتەكەی لەو وڵاتە، كە رۆڵی گەورە لە رووداوەكانی سووریا دەگێڕن.
قائانی دووپاتی لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئێران و رژێمی سووریا كردەوە، هاوكات هێرشی كردە سەر سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە كە پاڵپشتی لە گەندەڵی و پشێوی تیرۆر لە سووریا و لە دنیاش دەكات، جگە لەوە قائانی بەشداری لە مانۆرێكی هاوبەشی سەربازی ئێرانی و سووریای كرد، سەردانی چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكان كرد.
لە ماوەی رابردوو كە شەڕێكی سەخت لە نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەكان، بەتایبەتی لە پارێزگەی دێرزوور رووی دا و دەیان كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، ئێران و میلیشیاكانی ئەو دۆخەیان قۆستەوە و هەوڵیان دا ناوچەكانیان لەسەر حیسابی هەسەدە فرەوانتر بكەن، ئێران پێی وایە پارە و قوربانییەكی زۆری گیانی لە سووریا داوە، بۆیە دەبێت ئەوانە لە هەژموونی بەسەر بڕیاری سیاسی و دەستكەوتی ئابووری لەو وڵاتە وەربگرێتەوە، كە ئەوەش رووبەڕووی بەرهەڵستیی ئیسرائیل و رووسیا و توركیا و ئەمەریكا دەبێتەوە.