دوای ئەوەی ئێران بە پاساوی پێوەندیی حزبەكانی رۆژهەڵات بە فرەوانتركرن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە دوای كوژرانی ژینا ئەمینی لە تاران، چەند جارێك بنكە و بارەگەی ئەو حزبانەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بۆردمان كرد، هەڕەشەی لەشكركێشی بۆ ناو خاكی هەرێم كرد ئەگەر ئەوان لە سنوورەكانی دوور نەخرێنەوە، بەغدا و تاران رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهیان واژوو كرد، بەڵام ئەو رێككەوتنە تا چەند سەركەوتوو بوو؟
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی بۆ گەناڵی "حورە"ی ئەمەریكی رای گەیاند كە لایەنی عێراقی ئەو بڕگانەی پێوەست بەون لە رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی بەتەواوەتی جێبەجێ كردووە، بەتایبەتی گواستنەوەی ئەندام و پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە بۆ كەمپی پەناخوازان.
لەبارەی گرنگیی سیاسی و تەناهی رێككەوتنەكە روونی كردەوە، ئێران لە بۆردمانكردنی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان وەستاوە، كە ئەوەش مەرجێكی رێككەوتنەكە بوو، لە بەرانبەر دوورخستنەوەی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات لە سنوورەكانی، كە ئەوەش لە لایەن حكوومەتی عێراق بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێم ئەنجام دران، لە پرۆسەیەكی گرنگ و سەركەوتوو بۆ هەردوولا.
لەبارەی ئەگەری واژووكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی بە هاوشێوە لەگەڵ توركیا سەبارەت بە بوونی پەكەكە، حوسێن رای گەیاند، بەغدا بە بەردەوام لەگەڵ گفتوگۆ بووە و هیوای خواست گفتوگۆی چڕ بەهەمان شێوە لەگەڵ توركیا بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستە ئەنقەرە بواری نەداوە بۆ باسكردنی چارەسەرییەكان بۆ ئەو كێشە بە شێوەیەكی تر دوور لە بەكارهێنانی چەك و توندوتیژییەوە.