تا ئێستەش ناڕەزایەتییەكان بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی، كچە كوردی 22 ساڵ بە دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران بەردەوامە، ئەو ناڕەزایەتییانەی بوونەتە هێمایەك بۆ ئازادیخوازیی تەواوی گەلانی ئێران، هاوكات دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و دەزگە تەناهییەكانی بە هەموو شێوازێك رووبەڕووی چالاك و ناڕەزایەتییەكان بوونەتەوە، رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژە دەكات كە لە میانەی سەركوتكاریی خۆپێشاندانەكان، دەیان كەس بە گولە چاویان لەدەست داوە.
بە پێی راپۆرتێكی
رێكخراوەكە، ناسنامەی 138 كەس دیاری كراوە كە لە ناڕەزایەتییەكان چاویان زیانی پێ گەیشتووە، كاتێك كارمەندانی هێزە تەناهییەكان بە مەبەست و بە شێوەیەكی رێكخراوی گولەیان لە دەموچاو و چاوی ئەوان داوە، بەتایبەتی ژنان، لەوكاتەی 9%ی كوژراوانی ئەو بزاوە ناڕەزایەتییە لە ژنانن و 28%یش لە برینداران چاویان زیانی بەر كەوتووە، بۆیە ئەگەری هەیە ئەو هێزانە لە زۆرێك لە حاڵەتەكان بە مەبەست ئەو كارەیان كردبێت، لەبری ئەوەی خەڵكەكە بكوژن.
هاوكات رێكخراوەكە ناوی 22 كەسی بڵاو كردەوە، كە چاوێك یان دووانیان لەكاتی تەقەكردن لە خۆپێشاندەران بە شێوەیەكی رێكخراو لەدەست داوە، زۆرینەی پێكانی خۆپێشاندەرانیش لە چاوێكیان بووە، لە هەندێك حاڵەتیش لە هەردوو چاویان، گولەكانیش ئاسن یان پلاستیكی بوونە، بۆ ئەوەش رێكخراوەكە چەندان راپۆرتی لەسەر بنەمای قسە و گێڕانەوەی شایەتحاڵەكان و دیان راپۆرتی پزیشكی نەخۆشخانەكان و نۆرینەگەكانی چاو لەبارەی پێكانی خۆپێشاندەران بڵاو كردووەتەوە.