كەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ساز دەكرێت؟

:: PM:07:35:26/09/2023 ‌

لە ماوەی دواییدا جارێكی تر بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاتەوە بەر باس، كاتێك سكاڵا لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمار كرا بەوەی ئەو خاڵەی ناو بەرنامەی حكوومی و بەڵێنەی جێبەجێ نەكردووە، لەو بارەوە محەمەد شیاع سوودانی ئاماژە دەكات كە كەی پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵوەشاندەوە، حكوومەتەكەی ئامادەیە بۆ سازكردنی هەڵبژاردنەكە.

لێدوانی ئەمڕۆی سوودان لەوبارەوە لەدوای رۆژێك لە سكاڵای یاسایی پارێزەرێكی عێراقی هات لە دادگە، بەوەی سوودانی بە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە دزیوەتەوە، كە پێشتر بەڵێنی دابوو بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  

سوودانی گوتی، ناكۆكییە سیاسییەكان لە عێراق لە سنووری ئاساییە و پەنابردنە بەر دادگەی فیدراڵی ئاماژەی تەندروستیی سیستمی سیاسییە، زیاتر لە 300 حزب ی تۆماركراو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان دەكەن، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ سەقامگیریی وڵات.

لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە روونی كردەوە، كاتێك هەڵبژاردنەكە دەكرێت كە پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوكات حكوومەت ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەر هەڵبژاردنێك، بەڵام بە پێی خوێندنەوەمان هێزە سیاسییەكان متمانەیان بە حكوومەت هەیە، دووپاتی كردەوە كە بەچاوی رێزەوە دەڕوانینە بزاوی جەماوەری و پاڵپشتیی لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەكەین، بە بەرپرسیارەتییەوەش مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەكان دەكەین لە چوارچێوەی یاسادا. 

دوێنێ ئەحمەد باوی، پارێزەر و شارەزای یاسایی داوایەكی یاسایی لە دژی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تۆمەتی خۆدزینەوە و وازهێنان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمار كرد، بەوەش پابەندی بڕگەكانی بەرنامە حكوومەتییەكەی نەبووە، لەوكاتەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر تەمەنی حكوومەتی عێراق تێپەڕ دەبێت. 

ئەحمەد حەقی، ئەندامی بزاوی مەدەنی عێراقی دەڵێت، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێوەستە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە نەوەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەو چوارچێوەش تەنیا ترسی لە جوولانەوەی جەماوەریی رەوتی سەدر بۆ كوشاركردن بە ئاراستەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە هەیە، لەوكاتەی ژمارەیەك هێز هەوڵی رازیكردنی سەدر دەدەن، بەوەی تا 2025 جموجۆڵ لە دژی حكوومەتی سوودانی نەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل