دوای ماوەیەك لە ئاگربەستێكی لەرزۆك، جارێكی تر شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی هەسەدە و هۆزە عەرەبییەكان لە پارێزگەی دێرزوور سەری هەڵدایەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی تۆمەتباركردنی هەسەدە لە لایەن هۆزە عەرەبییەكانەوە بە پەراوێزخستنیان، لەوكاتەی شارەزایان پێیان وایە حكوومەتی سووریا لەپشت هاندانی ئەو هۆزانەیە و پاڵپشتییان دەكات.
دوای ماوەیەك ئاگربەست، جارێكی تر شێخ ئیبراهیم هەفل، سەرۆك هۆزی عەگیدات، لە پەیامێكی دەنگی داوای هەڵكوتانی هۆزە عەرەبییەكانی بۆ سەر بنكە و بارەگەكانی هەسەدە لە ناوچەكانی دێرزوور كرد، بۆیە لە شەڕێك لە شارەدێی زیبان لە دێرزوور 25 كەس لە هەردوولا كوژراون، كە زۆرینەیان لە هۆزە عەرەبییەكانن.
دۆخەكە لە
دێرزوور و حەسەكە بە ئاراستەی توندبوونی شڕ و پێكدادان دەچێت، بەیانی ئەمڕۆ هەسەدە رای گەیاند كە ئەو چەكدارانەیان لە شارەدێی زێبان دوای چەند سەعاتێك لە دزەكردنیان دەركردووە، لەوكاتەی لە گەڕی پێشووی چەن درۆژەی شەڕەی نێوان هەردوولا بەر لە سێ هەفتە 90 كوژراو لە هەردوولا هەبوو.
لای خۆیەوە رامی عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا گوتی، دوێنێ ژمارەیەك چەكداری سەر بە رژێمی سووریا لە رووباری فورات پەڕینەوە بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و شەڕ دروست بوو، ئەو چەكدارانە هەمان ئەوانە بوون بەر لە چەند هەفتەیەك هێرشیان كردبوو و دواتر بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا پاشەكشەیان كرد، لەو شەڕەی تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم بەردەوام بوو، 21 چەكداری هۆزە عەرەبییەكان و سێ ئەندامی هەسەدە كوژراون و 42ی تریش بریندارن.
پارێزگەی دێرزوور، پارێزگەیەكی هاوسنووری عێراقە و زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبن، رووباری فورات دەیكات بە دوو بەشەوە، بەشی رۆژهەڵاتی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە و بەشی رۆژئاوای بە دەستی رژێمی سووریا و میلیشیاكانی ئێرانە.