تا ئێستە پێوەندیی راستەقینەی سەربازی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا و ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و ئاستی پێویستیی عێراق بەوان دیار نییە، ئەوەی دەگوترێت لە میدیاكان، بەتایبەتی میدیاكانی شیعە، زۆر لەوەی لەسەر زەوی هەیە جیاوازە، بەڵام ژمارەی راستەقینەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا و ئەركەكانیان چییە؟
لە 2003 هێزەكانی ئەمەریكا و رۆژئاوا هاتنە ناو عێراق و رژێمی سەدام حوسێنیان رووخاند، لە 2011 لە دوای رێككەوتنی ستراتیجی كشانەوە، لە 2014 دوای دەركەوتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش جارێكی تر هێزەكانی ئەمەریكا گەڕانەوە عێراق و تا ئێستە هەن.
ئەعیاد تۆفان، ئەفسەری خانەنشین و شارەزای سەربازی دەڵێت، هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق لەو شوێنانە هەن، لە تەلاری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و بارەگەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە ناوچەی سەوز و بنكەی ئاسمانی هەریر و بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنكەی بەلەد لە سەڵاحەدین و بنكەی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی بەغدا بنكەی ئیمام عەلی لە ناسرییە و قەڵاچوالان لە سلێمانی.
لەبارەی ژمارەی راستەقینەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق گوتی، ژمارەیان هەزاران سەربازە، ئەوان بەتایبەتی لە هەریر و فڕۆكەخانەی هەولێر و عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا و بەلەدن، 2500 سەربازی پاسەوانی نیشتمانی ئەمەریكاش باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەپارێزن، ئەوان لە تەلاری باڵوێزخانەكە و بنكەی ڤیكتۆریان لە فڕۆكەخانەی بەغدا.
لەوكاتەی بە پێی زانیارییەكان ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە نێوان 2500 تا پێنج هەزار سەرباز دەبێت، تۆفان لەبارەی ئەركەكانیان دەڵێت، ئەوەی راگەیندراوە ئەركی راوێژكاری و مەشقیان هەیە، بەڵام راستییەكەی ئەوان كار لەسەر چەكداركردن و پاراستنی تانكی ئەبرامز و فڕۆكەكانی ئێف16 دەكەن، بەشداریش لە هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر داعش و گواستنەوەی هێزەكانی دژەتیرۆر و ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان دەكەن.
ئەوەی تۆفان نەیگوت، ئەوەیە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لە لایەك وەك بنكەیەكی سەربازییە لە نزیك ئێران و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونی ئەو وڵاتە و میلیشیاكانیەتی لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەكە، لە لایەكی تر بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێزە لەناو عێراق و رێگرتنە لە دەسەڵاتی رەهای ئێران بەسەر بەغدا و كردنیەتی بە بنكە و بارەگەیەكی سەربازی خۆی، بەتایبەتی كە عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا بە نەوت و پێگەیەكی جوگرافی گرنگی لە ناوچەكە هەیە.