بەسرە.. هەوڵی دەستدریژیكردنە سەر گەشتیارێكی بەریتانی دەدرێت

:: PM:10:55:02/10/2023 ‌

لە سایەی دەسەڵاتی رەهای میلیشیاكان و تەشەنەكردنی باند و مافیاكانی بازرگانی بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەر و هیتریش، خەریكە عێراق وەك شوێنێكی ئارام بۆ ژیان نامێنێت، بەتایبەتی بۆ گەشتیار و كەسانی بیانی، لە بەسرە هەوڵی دەستدرێژیكردنی سێكسی بۆ سەر گەشتیارێكی بەریتانی دەدرێت، لە بەغداش تەرمی هاووڵاتییەكی خاوەن رەگەزنامەی سویدی لە هوتێلێك دەدۆزرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە ژنەگەشتیارێكی بەریتانی سكاڵای لەسەر هاووڵاتییەكی عێراقی تۆمار كرد، بە گوتەی خۆی ئەو ویستوویەتی لە یەكێك لە هوتێلكانی بەسرە دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر، ئەو ژنە ناوەی (ئ.ج.و)ە و لەدایكبووی 1979یە و رەگەزنامەی بەریتانی هەیە، قسەكانی لە لایەن پۆلیس وەرگیراوە و بۆ مەبەستی گەشتیاری هاتووەتە عێراق. 

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، ئەو ژنە لە 28ی ئەیلوول سەردانی بەسڕەی كردووە  و لە هوتێلی گەشتیاری ئەتڵەس نیشتەجێ بووە، چووەتە ژوورەكەی و كەسێك بەناوی (و.ئ)، لەدایكبووی 2004 لە ژوورەكەی بووە، كە خزمەتگوزاری هوتێلەكە بووە، جلەكانی لەبەر كچەكە كردووەتەوە و ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەر و وێنەشی بە مۆبایل گرتووە، بەڵام بەهۆی بوونی كەسانێك لە نزیك ژوورەكەی، هەڵاتووە و ئێستەش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە. 

لە لایەكی تر لە دۆخێكی نادیاردا ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیس تەرمی هاووڵاتییەكی عێراقی خاوەن رەگەزنامەی سویدیان بە كوژراوی لە ژوورەكەی لە هوتێلێكی بەغدای پایەتەخت دۆزیوەتەوە، كاتێك خاوەن هوتێلی "دیجلە ئەلخەیر" لە ناوچەی سەعدوون هەواڵی بە پۆلیس داوە، دوای گەیشتنی پۆلیس دەركەوت كە ئەو كەسە گولەیەك لە سەری دراوە و كوژراوە، چەكەكەش لەسەر تەرمەكەی دانراوە، بۆیە پۆلیس خاوەن هوتێلەكەیان گرتووە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل