بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی سێی تشرینی یەکەم ڕای گەیاند، حکوومەتەکەی دژایەتی هەر جۆرە ئاگربەستێکی کاتی لە غەزە دەکات، تا ئەوکاتەی حەماس هەموو ئەو بارمتانە ئازاد نەکات کە لەژێر دەستیدایە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبێت لە ڕێگریکردن لە هاتنی سووتەمەنی بۆ غەزە.
نەتانیاهۆ لە میانی لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئیسرائیل ناڕەزایەتی دەربڕیوە بۆ ئاگربەستێکی کاتی کە ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان لەخۆناگرێت، ڕێگە نادەین سووتەمەنی بچێتە ناو کەرتی غەزە و ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر گواستنەوەی پارە بۆ کەرتی غەزە.
لای خۆیەوە "ئەنتۆنی بلینکن"یش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە تەلئەبیب گوتی ئەمەریکا پێی وایە هەوڵەکان بۆ هاتنە ژوورەوەی هاوکاریی مرۆیی و ئازادکردنی بارمتەکان بە ئاگربەست ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
هەروەها بلینکن لەمیانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕای گەیاند، ئەمەریکا و ئیسرائیل میکانیزمیان دەستنیشان کردووە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی زۆر پێویست بۆ نەخۆشخانەکانی غەزە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پێدەچێت ٢٤١ بارمتە لە ٧ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە گیرابن.
هەروەها ڕاشی گەیاند کە ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئیسرائیل کە لە غەزە شەڕ دەکەن دەگاتە ٢٥ کەس.
بەرەبەیانی رۆژی شەموو حەوتی ئۆكتۆبەری 2023، خەڵكی ئیسرائیل بە هێرشێكی لەناكاو و تۆقێنەری بزووتنەوەی حەماس بە ئاگا هاتن، كە بۆ یەكەمجار بوو چەكدارانی ڕێكخراوە ئیسلامییەكە، هەموو بەربەستەكانی سوپای ئیسرائیلیان بڕی و چەند ئۆردوگایەكی جوونشینیان گرت و سەتان كوژرا و رفێنرا و برینداریان لە ئیسرائیل تۆمار كرد.
هەر دوای ڕووداوەكە، دنیا ورووژا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل "شەڕی تەواوەتی"ی راگەیاند و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەركۆنەی هێرشەكەی حەماسیان كرد، بەڵام ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و ئێران، پشتیوانیان بۆ چەكدارەكانی فەلەستین، ڕاگەیاند.