محەمەد بن سەلمان: داواكارم هەناردەی چەك بۆ ئیسرائیل رابگرن

:: PM:06:24:21/11/2023 ‌
محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە خوازیاری ئەوەیە پرۆسەیەكی هەمەلایەنەی ئاشتی بۆ پرسی كێشەی فەلەستین دەست پێ بكات، هەروەها رای گەیاندووە، داوا دەكەم هەناردەی چەك بۆ ئیسرائیل رابگرن.

لە گوتارێكدا كە لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بانگهێشت كرابوون بۆ تاوتوێكردنی پرسی تێكچوونی بارودۆخی كەرتی غەزە، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە دووپاتی كردەوە، ئاوارەكردنی زۆرەملێی فەلەستینییەكانی كەرتی غەزە رەت دەكەینەوە، هەروەها هیوادارم دەست بە پرۆسەیەكی رژد و هەمەلایەنەی ئاشتی بۆ ئەم پرسە بكرێت.

"ئەو تاوانانە دڕندانەن كە لە غەزە ئەنجام دەدرێن دژی خەڵكی سڤیل و بێتاوان و دامەزراوە تەندروستییەكان و شوێنە ئاینییەكان، رەتی هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەكەینەوە كە ئیسرائیل دەیكاتە سەر كەرتی غەزە، داوای دەستبەجێی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان دەكەین بۆ ناو كەرتەكە، دووپاتی دەكەینەوە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەسەر ئەو سنوورانە بێت كە لە ساڵی 1967 دیاركرابوون" محەمەد بن سەلمان لە كۆبوونەوەكەدا وای گوتووە.

لە گوتارەكەیدا بن سەلمان دەڵێ، داوا لە هەموو وڵاتان دەكەین دەست لە هاوردەكردنی چەنك بۆ ئیسرائیل هەڵبگرن، ئێمە هەوڵی زۆرمان داوە بۆ یارمەتیدان و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە كەرتی غەزە، یارمەتیی مرۆیی و فریاگوزاریمان بە رێگەی دەریایی و ئاسمانی پێشكەش كردووە و لە بەخشینی جەماوەریشدا نیو ملیار ریاڵمان پێشكەش كردوون.

7ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە هێرشێكدا حەماس سنووری ئیسرائیلی بەزاند و نزیكەی 240 ئیسرائیلیی بە دیل گرت، ئەمە جەنگی ئیسرائیل و حەماسی لە كەرتی غەزە بەرپا كرد و تا ئێستا به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 13 هه‌زار كه‌س كوژراون و سه‌رووی 30 هه‌زار كه‌سی تر بریندار بوون، ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س له‌ دانیشتووانی غه‌زه‌ ئاواره‌ بوون و قه‌یرانی مرۆیی به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌دا زاڵه‌ و خه‌ڵك ته‌نانه‌ت ده‌ستیان به‌ خۆراك و ئاویش راناگات.




وشە - رزگار خدر