وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، ئەمڕۆ توانیویانە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر بگرن كە جگە لە مادەی هۆشبەر چەندان مادەی تری تەقینەوەیش لەگەڵیاندا دەستی بەسەردا گیراوە.
"عەمید میقداد میری" گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە پارێزگای ئەنبار، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیوای بەرپەرچدانەوی خێرا، توانیویانە دوو تۆمەتباری بازرگانی كردن بە مادەی هۆشبەر لە پارێزگاكە بگرن، كە جگە لە مادەی هۆشبەر، هەشت كیلۆگرام مادەی فسفۆڕی تەقەمەنی و چەك و فڕۆكەی دڕۆن و بۆمب و ئامێری پێوەندیكردنی بێتەلیان لەلابووە و تەواوی ئەمانەیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
پێشتر كازم سەیادی پەرلەمانتاری عێراق رای گەیاند بوو، هیچ پڕۆگرامێكی حكوومەت بوونی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و لێپرسینەوە لەگەڵ بازرگانانی، هەروەها ئاشكرای كردبوو، كە ژمارەیەك ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ هەن لەو كارە تێوەگلاون و بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەپارێزن و چەند دەروازەیەكی سنووریش لەژێر كۆنترۆڵی گەندەڵكارانە و رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو جۆرە مادانە دەدەن.