بەهۆی رەخنەی لە خامنەیی نوێنەری وەلی فەقێ سێ ساڵ دەگیرێت

:: AM:09:42:27/11/2023 ‌
رادیۆ فەردا دوێنێ یەكشەم بڵاوی كردەوە، شەهابەدین حائیری شیرازی بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە حوكمڕانیی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی گرتووە، دادگای شیراز سێ ساڵ زیندانی و 15 ملیۆن تمەن و گەڕاندنەوەی كەرامەت، لە رێی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامە بەناوبانگەكانەوە سزا دراوە.

 شەهابەدین حائیری شیرازی لە كەناڵی تیلگرامی خۆیدا نووسیویەتی، بەهۆی ئەو ڕەخنانەوە لە عەلی خامنەییم گرتووە، دادگای شیراز حوكمی سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووم.

دەشڵێت كە بەهۆی "تۆمەتی بڵاوكردنەوەی درۆ دژی رۆحوڵا خومەینی" (رێبەر و دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی) بە "دوو ساڵ زیندانیكردن و پێبژاردنی 15 ملیۆن تمەن" و "گەڕاندنەوەی كەرامەت، لە رێی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامە بەناوبانگەكانەوە" سزا دراوە. هەروەها لە بەشێكی تری حوكمی دادگای تایبەتی رۆحانی، بە تۆمەتی "چالاكی بانگەشە دژ بە ‌‌‌حكوومەت" بە یەك ساڵ زیندان مەحكووم كراوە.

لەگەڵ ئەو سزایانەی سەرەوەدا، ئەو دادگایە حائیری شیرازی بە "قەدەغەكردنی چالاكی لە فەزای ئەلیكترۆنی بۆ ماوەی سێ ساڵ" و "بلۆككردنی كەناڵی تیلگرامەكەی" وەك "ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی تاوان" مەحكووم كردووە.

شەهابەدین حائیری كوڕی محێدین حائیری شیرازی كەسایەتیی ئاینییە، كە بۆ ماوەی 27 ساڵ بە فەرمانی رۆحوڵا خومەینی و دواتر عەلی خامنەیی، "نوێنەری وەلی فەقێ لە پارێزگای فارس و ئیمامی جومعەی شیراز"ی لە ئەستۆ بووە.

لە ئێستەی ئێراندا رەخنەگرتن لە دەسەڵات، كارێكە بەیاسا كەسی رەخنەگر تووشی لێپێچینەوە دەكەن، بەم هۆیەشەوە كەشوهەوایەك هاتووەتە ئارا كە كەس ناتوانێ رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئێستەی ئێران بگرێت.



وشە - سۆران عەزیز