سەرۆکی هەردوو دەزگای هەواڵگریی مۆساد و CIA گەیشتنە قەتەڕ

:: PM:05:28:28/11/2023 ‌
دەیڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای هەوڵگریی مۆساد، هاوشانی ویلیام بێرنز سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی CIA ئێستە لە قەتەڕن بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی دوای ئاگربەست و باسکردنی ئەگەرەکانی شەڕی غەزە.

هەردوو سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئێستە لە کۆبوونەوەدان لەگەڵ محمد بن عبدالرحمن سەرۆک وەزیرانی قەتەڕ لەبارەی بەرەوپشێچوونەکانی ئەم دواییە، درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، جگە لە قەتەڕییەکان میسرییەکانیش بەشداری ئەم کۆبوونەوەیەن لەسەر ئاستی باڵا.

جێی باسە ئێستە ئیسرائیل بەوە نیگەرانە کە هێشتا 93 ژن و منداڵی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون، کۆبوونەوەی ئەم دواییە بۆ ئەو مەبەستەیە کە لە ئەگەری درێژکردنەوەی زیاتری ئاگربەستەکە، حەماس ناچار بکەن بە ئازادکردنی بەشێکی زیاتری دیلەکان.

ئێستە بە مەرجی ئازادکردنی 10 دیل بۆ هەر ڕۆژێک، دووبارە ئاگربەست بۆ ماوەی 48 سەعاتی تر درێژکراوەتەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو هەردوولا ئاگربەستێکی چوار ڕۆژییان ڕاگەیاند، کە تێیدا حەماس 51 ئیسرائیلی و 18 دیلی بیانیی ئازاد کردووە و ئیسرائیلیش زیاتر لە سەت فەلەستینیی ئازاد کردووە.


وشە - ئارا هێمن