پەرلەمانی ئێران دەنگ لەسەر یاسایەک دەدات کە ڕێگری دەکات هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی هەواڵگری و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی زانیاری لەبارەی چالاکییە نێودەوڵەتییەکانیان بدەن بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمەیش نوێخوازەکانی (ڕیفۆرمخوازەکان)ی بێزار کردووە.
بەهۆی
دەنگدان لەسەر یاسایەک بۆ ڕێگریکردنی زۆرێک لە وەزارەت و هێزە چەکدارەکانی ئێران لەبارەی پێدانی زانیاری و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئێستە ڕیفۆرمخوازەکان پێیان وایە پیلانێک بەڕێوەیە بۆ لاوازکردنی ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە.
ئەگەر بێت و ئەم ڕێنوێنییانە ببن بە یاسا، ئەوا دەسەڵات و توانایەکی زیاتر دەدرێت بە هەریەکە لە دەزگای هەواڵگری و هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە بەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران بێ ڕۆڵ دەکرێت.
ماڵپەڕی لایەنگرانی ڕیفۆرمخوازەکان بە ناوی ''جەماران'' لە 24ی تشرینی دووەم نووسیویەتی، لە ئەگەری تێپەڕبوونی یاساکە هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆ بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران نامێنێتەوە.
لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەو ماڵپەڕەی سەر بە ڕیفۆرمخوازەکان سەرکۆنەی یاساکە دەکات و دەڵێ، یاساکە دەبێتە هۆی شێواندنی سیاسەتی ئێران و زیان بەر بەرژەوەندییە هەستیارەکانی ئێران دەگەیەنێت.
ناکۆکییەکەنی ئێران لەبارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پێشینەی هەیە، یەکەم جار لەگەڵ دەست بەکار بوونی جەواد زەریف وەک وەزیری دەرەوە کێشەکان سەریان هەڵدا، ئەمەیش دوای ئەوەی زەریف داوای کرد فایلی چەکی ئەتۆمی ڕادەست بکەن و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجام دا.
سەرەتا ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک دەستکەوتی ڕیفۆرمخوازەکان و بەتایبەتر وەزارەتی دەرەوە و جەواد زەریف دانرا، ئێرانییەکان ڕۆڵی زەریفیان بەرز نرخاند لە لابردنی سزاکانی سەر ئێران.
زۆری نەخایاند، لەگەڵ دەست بەکار بوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا و کشانەوەی لە ڕێککەوتنەکە، مێزەکە بەسەر جەواد زەریف و وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا قڵپ بووەوە و سیاسەتی ڕیفۆرمخوازەکان شەرمەزار کرا.
پاشان تۆمارێکی دەنگی جەواد زەریف دزەی پێکرا کە تێیدا، باس لە ڕۆڵی خراپی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات لە تێکدانی سیاسەتە هەرێمییەکانی ئێران، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم تۆمارە دەنگییە خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زەریف توڕە بوو و پێی گوت، ''ئیشی تۆ تەنیا جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئێرانە نەک بڕیاردان لەبارەی ئەوەی ئێران چی سیاسەتێک بگرێتە بەر".
لەپاش ئەم ڕووداوانە و لە كاتی دەست بەکار بوونی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران و لاچوونی ڕۆحانی لە دەسەڵات، بە بەرنامە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بێ ڕۆڵ کراوە و دۆسیەی چەکی ئەتۆمیش دراوەتەوە دەست ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران.
ئێستە ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانە، کە لە لایەن ڕەئیسییەوە هەڵبژێردرا و بەپێی زانیارییەکان عەبدوڵاهیان کەسی نزیکی سوپای پاسدارانە.
بەهۆی سیاسەتەکانی جەواد زەریفەوە، کە خامنەیی تووڕە کرد و سوپای پاسدارانی تۆمەتبار کرد بە تێكدانی سیاسەتەکانی ئێران، ئێستە چارەنووسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕوونە، وردە وردە دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکە کەم دەکەنەوە، ڕیفۆرمخوازەکان بەم بەرەوپێشچوونە دڵتەنگن و پێیان وایە بێ ڕۆڵکردنی وەزارەتی دەرەوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەگەیەنێت.