سوپای ئیسرائیل: ئامادەین بۆ دەست پێ كردنەوەی هێرشەکانمان

:: PM:06:53:28/11/2023 ‌
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل هێرزی هالێڤی ڕای گەیاند، ئێستە ئامادەن بۆ دەست پێ کردنەوە بە هێرشەکانیان و ماوەی ئاگربەستییان وەک هەلێک قۆستۆتەوە بۆ خۆبەهێزکردن و پێشکەوتنی سوپاکەیان لە غەزە.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا هالێڤی، ددان بە شکستی دەزگای هەوڵگریی وڵاتەکەیدا دەنێت، لەوەی نەیان توانیوە پیلانی هێرشی چەکدارانی حەماس لە ڕۆژی حەوتی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئاشکرا بکەن، وا دوو مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر هێرشە شۆکهێنەرەکەی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، کە لە ڕێگەیەوە نزیکەی 1400 ئیسرائیلییان کوشت و 240 کەسیان بە دیل گرت.

هالێڤی دەڵێ، ماوەی ئاگربەستیان قۆستۆتەوە بۆ توندوتۆڵکردنی سوپاکەیان و ڕاهێانی زیاتریان کردووە لەناو شاری غەزە بۆ خۆئامادەکردنەوە لە حاڵەتی هێرشبردنە سەر چەکدارانی حەماس لە ناو غەزەدا. 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیلی رەزامەندبوونی بزووتنەوەی حەماسی بۆ ئازادکردنی دیلەکان گەڕاندەوە بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپاکەیان لە غەزە، هەروەها گوتی تا ئازادکردنی هەموو دیلەکان، بەردەوام دەبن کە کردە سەربازییەکانیان لە ناو خاکی غەزە و ئامانجی ئیسرائیلیان بە لەناوبردنی حەماس پێناسە کرد.

سەبارەت بە شکستی هەوڵگریی وڵاتەکەی، هالێڤی گوتی، دوای کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان دەست دەکەن بە لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی شکستی هەواڵگری ناو دەزگا تەناهییەکانی ئیسرائیل، هالێڤی گومانی هەیە کە ئەفسەرە پلە باڵاکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، ئەو ئاگادارکردنەوە و زانیارییانەیان پشتگوێ خستووە کە لە ئەفسەرە ئاساییەکانەوە بە دەستیان گەیشتووە لەبارەی ئەنجامدانی هێرشەکەی حەماس لە ڕۆژی حەوتی مانگی ڕابردوو.


وشە - ئارا هێمن