هاوسەری کیریلۆ بودانۆڤ سەرۆکی هەواڵگریی ئۆکراینا ژەهرخوارد کرا و ئێستە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکی دایە.
بەم دواییە خاتوو ماریانا بودانۆڤا، هاوسەری سەرۆکی هەواڵگریی ئۆکراینا نەخۆش کەوت، ئێستە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان باس لە ژەهرخواردکردنی دەکەن و چەند سەرچاوەیەکی ئۆکراینی هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
سەرچاوەکان دڵنیا نین کە ئەم خانمە لە لایەن ڕووسەکانەوە ژەهرخوارد کرابێت، هێشتا نازانن ئایا هاوسەرەکەشی ژەهرخوارد کراوە یاخود نا.
لیوا کیریلۆ بودانۆڤ سەرۆکی هەواڵگریی ئۆکراینا، لە ماوەی ڕابردوو ڕۆڵی کارای هەبووە لە بە ئامانج کردنی سوپای ڕووسیا و تێکشکاندنی زۆرێک لە هێرشەکانی ڕووسیا لە خاکی ئۆکراینا.
لەبارەی ئەو خواردنەی کە لە ڕێگەیەوە ژنەکەی سەرۆکی هەواڵگریی ئۆکراینای پێ ژەهرخوارد کراوە هیچ زانیارییەک نەدرا، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە ژەهرە دەگمەنە و بە ئاسانی تێکەڵ بە ژەمی ڕۆژانە ناکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی خۆراکێکەوە ژەهرەکەیان پێی داوە.
لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 10 جار هەوڵی کوشتنی سەرۆکی هەواڵگریی ئۆکراینا دراوە، بەڵام ڕووسەکان شکستیان هێناوە لە کوشتنی ئەم پیاوە و ئێستە لە کۆتا هەوڵدا بەنیاز بوون ژنەکەی بکەنە قوربانی لە ڕێگەی ژەهرخواردكردنییەوە.