بایدن و شی بەشداریی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ناكەن

:: PM:08:21:28/11/2023 ‌
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شی جین پینگ سەرۆکی چین ناچن بۆ دوبەی و بەشداریی کۆنفرانسی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ناکەن.

لە دوای ئەوەی هەریەکە لە بایدن و شی ڕەتیان کردەوە کە بەشداربن لە کۆنفرانسەکەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئێستە مشتومڕ لەبارەی گرنگی و کاریگەرییەکانی کۆنفرانسەکە هاتۆتە ئاراوە.

وا بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە، لە 30 تشرینی دووەم تا 12ی کانوونی یەکەم، کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی بەڕێوە بچێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم کۆنفڕانسە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گرنگیی زۆری هەیە و زیاتر لە 197 وڵات بەشداریی تێدا دەکەن، لە نێویاندا شاندی هەرێمی کوردستانیش بانگێهێشت کراوە، بەڵام وڵاتانی دنیا دوودڵن لەوەی کۆنفراسەکە دەرئەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت، ئەمەیش دوای ئەوەی هەریەکە لە بایدن و شی ڕەتیان کردووەتەوە بەشدار بن لە کۆنفرانسەکە.

ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە درێژەدانە بەو بەڵێنەی کە لە کۆنفرانسی پاریس لە ساڵی 2015 بڕیاری لێ درا، كە ڕێگریکردنە لە گەرمبوونی ژینگە، بەوپێیەی گەرمبوونی ژینگە ڕێژەی 1.5 پلەی سیلیزی تێپەڕ نەکات.

سەرەڕای بەشداری نەکردنی سەرۆکەکانی ئەم دوو وڵاتە زلهێزە، وا بڕیارە هەریەکە لە شا چارلزی سێییەم شای بەریتانیا و ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بەشداریی کۆنفرانسەکە بكەن.

بە ڕای شارەزایان بەشداری نەکردنی بایدن و شی لە گرنگی کۆنفرانسەکە کەم ناکاتەوە، ئەوان تەنیا لە کاتێکدا ئامادە دەبوون گەر بێت و ڕێککەوتننامەیەکی نوێ واژوو بکرایە، بەڵام ئامانجی ئەمساڵ لە بەستنی کۆنفرانسەکە واژووکردنی ڕێککەوتنی نوێ نییە و تەنیا کارکردنە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی پاریس.

بۆیە ئامادەنەبوونی سەرۆکی چین و ئەمەریکا لە گرنگیی کۆنفرانسەکە کەم ناکاتەوە و نوێنەرانی هەردوو وڵات بەشدار دەبن، بە گوتەی چاودێران تەنیا شارەزایانی پەیوەست بە بواری گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریان دەبێت لە دانوستانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئامادەبوونی سەرۆکەکان تەنیا شتێکی جۆرییە.


وشە - ئارا هێمن