بلینکن: ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕازین بە درێژکردنەوەی ئاگربەست

:: PM:05:37:29/11/2023 ‌
کەمێک پێش ئێستە و لە لووتکەی کۆبوونەوەی ناتۆوە لە بڕۆکسل، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، کە هەریەکە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئامادەن لەپێناو ئازادکردنی دیلی زیاتر، درێژە بە ئاگربەست بدەن.

بلینکن دەڵێ، درێژەدان بە ئاگربەست لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە، بە ئازادکردنی دیلەکان ئیسرائیل فشاری ناوخۆی لەسەر خۆی لادەبات و ئێستە ئەمەریکا کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو دیلەکان ئازاد بکرێن، ئەمەیش بەوپێیەی نەمانی دیلەکان لە ژێر دەستی حەماس، واتە دواییهێنان بە خاڵی بەهێزی ئەو لایەنە.

سبەی پێنجشەم 30 کانوونی دووەم، کۆتا ڕۆژی ئاگربەستە و تا ئێستە دیار نییە ئیسرائیل هێرشەکانی دەست پێ دەکاتەوە یان نا، ئەمەیش لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی نزیک لە چەکدارانی ‌حەماس بە تەلەفزیۆنی  (NDT) ڕاگەیاندووە، کە وەکو بزووتنەوەی ‌حەماس ئامادەن بۆ ماوەی چوار ڕۆژی تر ئاگربەست درێژ بکەنەوە و چەندان دیلی تری ئیسرائیلی ئازاد بکەن، لە بەرانبەر ئازادکردنی بەندکراوە فەلەستینییەکان و ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل. 

چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە بلینکن سەردانى تەل ئەبیب بکات و لەگەڵ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆببێتەوە، لە ''ڕامەڵا''ش چاوی بە مەحموود عەباس سەرۆکی فەلەستین بکەوێت، دواتر بلینکن سەردانی ئیمارات دەکات.


وشە - ئارا هێمن