ئەمەریکا ڤیزە ناداتە شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

:: PM:07:20:29/11/2023 ‌
دوای ئەوەی نەیانتوانی بەشداری بکەن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ڕەوشی غەزە، ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا تەنیا بە هەشت سەعات پێش کۆبوونەوەکە وەڵامی مۆڵەتی ڤیزەی پێداون، نەیانتوانیوە بەشداربن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش.

بڕیارە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ 29ی تشرینی دووەم لە بارەگای سەرەکی لە نیویۆرک ئەنجام بدرێت، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێ کردنی دوایین پێشهاتەکانی ڕەوشی غەزە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

ئەمە یەکەمین جار نییە کە شاندە ئێرانییە باڵاکان و ئەندامانی پڕۆتۆکۆڵی ئەو وڵاتە لە ئاستی باڵا کێشەی ڤیزەیان بۆ دروست ببێت، لە ماوەی ڕابردوودا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران دووچاری هەمان ئاستەنگی بووەتەوە.

ئێستە ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە بێ هیواییەوە ڕای گەیاند، کە بەهۆی نەگونجانی کاتەوە و دوای ئەوەی ئەمەریکا تەنیا بە هەشت سەعات پێش کۆبوونەوەکە وەڵامی پێدانی ڤیزەی پێ داون، بۆیە نەیان توانیوە لە کاتی گونجاو بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن و بەرەو نیۆرک بڕۆن.


وشە - ئارا هێمن