كەی كۆتایی بە ئاگربەستی شەڕی غەزە دێت؟

:: PM:08:06:29/11/2023 ‌
ئيستە بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە لە گفتوگۆکانی نێوان ‌حەماس و ئیسرائیلدا بەشدار بووە بە ''ئاژانسی ڕۆیتەرز''ی ڕا گەیاند، حەماس بەشی سێ ڕۆژی تر دیلی لەبەر دەستە تا ئاگربەستی پێ درێژ بکاتەوە.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە دڵنیایی لەوە داوە، کە بەپێی زانیارییەکانیان ‌‌‌حەماس تەنیا بەشی دوو بۆ سێ ڕۆژی تر ژن و منداڵی لەبەر دەستە تا بەهۆی ئازادکردنیانەوە ماوەی ئاگربەستی پێ درێژ بکاتەوە.   

لەبارەی ڕێککەوتنی نێوانیان دوای ئاگربەست، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە گوتویەتی، تەنیا دوای ئازادکردنی ئەو ژن و منداڵانەی کە لە دەستی حەماسدا ماونەتەوە دەتوانین باسی ڕێککەوتنی پاش ئاگربەست بکەین. 

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکان دڵنیاییان داوە لەوەی کە ئێستە ئامادەی ئەوەن دووبارە هێرشەکانیان دەست پێ بکەنەوە، هەروەها کەمێک لەمەوبەر بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆکی کابینەی جەنگ ڕای گەیاند، کە ئامادەن دووبارە دەست بە هێرشبردن بکەنەوە بۆ سەر کەرتی غەزە، بەڵام بە ڕای چاودێران گوتەی بەرپرسەکەی ئیسرائیل ڕاستە و وا دیارە حەماس بۆ ماوەی سێ ڕۆژی تریش ئاگربەست  بە ئیسرائیل درێژ دەکاتەوە.


وشە - ئارا هێمن