سوناک ڕەتی دەکاتەوە بەریتانیا بچێتەوە ناو یەکێتیی ئەوروپا

:: PM:09:55:29/11/2023 ‌
دوای ئەوەی کە "ئورسولا ڤۆن دێر لیین" سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕای گەیاند، دەکرێت دووبارە بەریتانیا ببێتەوە بە ئەندام لەناو یەکێتیی ئەوروپادا، ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕەتیکردەوە دووبارە بچنەوە ناو یەکێتییەکە.

تا دێت دەنگۆی شکستهێنانی پڕۆسەی برێگزیت (چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) ڕوو لە هەڵکشانە، ئەمەیش بەهۆی ئەو دەرئەنجامە ئابوورییانەی کە شانشینە یەکگرتووەکە دووچاری بووەتەوە لە ئەنجامی دەرچوونی لە یەکێتیی ئەوروپا.

دوای ئەوەی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئەگەری دووبارە بە ئەندامبوونەوەی بەریتانیای خستەوە سەر مێزی گفتوگۆ، دەستبەجێ ڕیشی سوناک ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە پێیان وایە بەهۆی برێگزیتەوە بەریتانیا لە پاشەکشە دایە، ڕەتی کردەوە بەریتانیا بیر لە دووبارە چونە ناو یەکێتیی ئەوروپا بکاتەوە.

بە بڕوای خانمە سەرۆکەکەی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئەم چینەی ئێستەی بەریتانیا و سیاسییەکانی، هەڵە بوون لە دەرچوون لە یەکێتیی ئەوروپا و دەڵێ، چینی نوێی بەریتانیا دەتوانن ئەوە چارەسەر بکەن و وڵاتەکەیان بهێننەوە ناو یەکێتیی ئەوروپا.

لە وەڵامدا گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا باسی لە سەرکەوتنەکانی چوونە دەرەوەی بەریتانیای کرد، هەریەکە لە توندوتۆڵکردنی سنوورەکان، کەمکرنەوەی شەپۆلی پەنابەران، فەراهەمکردنی سیستمی تەندروستیی خێرا و بەدەمەوەچوونی هاووڵاتییان بەبێ دواکەوتنی بەستەوە بەو ئازادییانەی کە بەریتانیا بەهۆی دەرچوونییەوە لە یەکێتیی ئەوروپا بەدەستی هێناوە، هەروەها ڕەتیکردەوە کە ئەمە شکست بێت بۆ شانشینە یەکگرتووەكە.

بە دووبارە گەڕاندنەوەی دیڤد کامیرۆن و دەست بەکار بوونی وەک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، کە لە ساڵانی (2010-2016) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو و لەسەر ئەوەی کە دژی دەرچوونی بەریتانیا بوو لە یەکێتیی ئەوروپا، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و بڕیاری دا بەشداری سیاسەت نەکاتەوە، بەڵام ئێستە بەهۆی کامیرۆنەوە ئەگەرەکانی بوونیادنانەوەی پێوەندیی نێوان بەریتانیا و ئەوروپا ڕوو لە هەڵکشانە.


وشە - ئارا هێمن