ئەمەریکا داوا لە خاچی سوور دەکات سەردانی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس بکات

:: PM:10:05:29/11/2023 ‌
بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕەوش و تەندروستیی ئەو دیلانەی کە لە لایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بە بارمتە گیراون، جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا داوای لە ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد، سەردانی دیلەکان بکەن و لەبارەی ڕەوشیانەوە دڵنیایی بدەن.

دوای ئەوەی دەنگۆی مردنی منداڵێکی ساوا لەناو دیلەکان بووە ڕاستی و حەماس گوتی، بەهۆی بۆردمانێکی ئیسرائیلەوە منداڵە تەمەن 11 مانگەکە بووە بە قوربانی، ئەمەریکا و ئیسرائیل کەوتنە گومانەوە لەبارەی ڕەوشی دیلەکان و داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن لەبارەی چارەنووسی خێزانی منداڵەکە.

ڕاوێژکارەکەی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا بە "میرجانا سپۆلجاریک ئێگەر"ی سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتیی ڕاگەیاندووە، کە دەبێت سەردانی دیلەکان بکەن و بگەنە لایان.

سولیڤان سەردانیکردنی بەردەوام و چاودێریکردنی دیلەکانی لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە بە یەکێک لە مەرجەکانی درێژەپێدانی ئاگربەست ناوبردووە. 

سبەی سەعات سێی بەرەبەیانی کۆتا ساتەکانی ئاگربەست دەبێت و هێشتا بە فەرمی درێژکردنەوەی ئاگربەست ڕانەگەیەنراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە دەدەن ئاگربەستەکە نزیکەی سێ ڕۆژی تر درێژ دەكرێتەوە.

لە ڕۆژی ‌حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و لە ئەنجامی هێرشی شۆکهێنەری ‌حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی بوونە قوربانی و 240 ئیسرائیلی و بیانیش بە دیل گیران.


وشە - ئارا هێمن