لە ئەنجامی هێرشێکی حزبوڵا چەند سەربازێکی ئیسرائیلی بریندار بوون

:: PM:07:53:10/12/2023 ‌

سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی حزبوڵای لبنانی لە باکوری ئیسرائیل، چەند چەکدارێکی سوپای ئیسرائیل بریندار بوون.

 
سەرەڕای ئەوەی هێزی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، سەرکوتوو بووە لە تێکشکاندنی دوو مووشەکی هەڵدراوی حزبوڵای لبنان، بەڵام هێرشەکانی تر ئامانجی خۆیان پێکاوە و چەند سەربازێکی ئیسرائیلی پێکراوە.
 
لە ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل هاتووە، دوو لە بریندارەکان زۆر بە سەختی پێکراون، بەڵام ئەوانی تر برینەکانیان سەخت نییە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەم 10ی کانوونی یەكەمی 2023، حزبوڵا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی خۆیەوە بانگەشەی ئەوەی کرد، بنکەیەکی فەرماندەیی ئیسرائیلیان لە ڕۆژئاوای ''جەلیل'' لە ناوچەی باشووری لبنان كردووەتە ئامانج، لە درێژەی بانگەشەکەدا هاتووە، کە هێرشەکەی حزبوڵای لبنانی بە مەبەستی پشتگیریکردن بووە لە خەڵکی غەزە.
 
لە كاتی دەستپێکی شەڕی غەزە تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل 78 چەکداری حزبوڵای کوشتووە، دوای شکاندنی ئاگربەست. ئێستە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس چڕتر بووەتەوە، وەک ئاشکرایە لە بەرەی باکوری ئیسرائیلیش لەگەڵ حزبوڵای لبنانیدا گەرمتر بووە.



وشە - ئارا هێمن