فڕۆكەی جێگری سەرۆكی مالاوی لە ئاسمان ون دەبێت

:: PM:08:36:10/06/2024 ‌

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆكی وڵاتەكە، ئەمڕۆ دووشەم فڕۆكەی ساولوس چیلیما، جێگری سەرۆكی مالاوی ون بووە، كە بە هاوەڵی نۆ كەسی تر لەناو فڕۆكەكەدا بوونە و لە گەشتێك بوون بۆ دەرەوەی لیلونگۆی پایەتەخت.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەم فڕۆكەكەی چیلیما كە لە جۆری سەربازی بووە و سەر بە هێزی بەرگریی مالاوی بووە، لەكاتی فڕینی لە لیلونگۆی پایەتەختەوە لە ئاسمان لە رادار ون بووە، دوای رووداوەكە لازاروس شاكویرا، سەرۆكی مالاوی گەشتێكی بۆ دوورگەكانی ئەلبەهاما هەڵوەشاندەوە و فەرمانی بە گەڕان بەدوای فڕۆكەی جێگرەكەی كرد، كە هەوڵەكان بۆ پێوەندی پێوەكردنی شكستی هێنا.

شایەنی باسە مانگی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران لە گەشتێكی بە هەلیكۆپتەر بۆ باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆ كردنەوەی پڕۆژەیەك، لەكاتی گەڕانەوەی هەلیكۆپتەرەكەی تێك دەشكێت، خۆی و ژمارەیەك هاوەڵانی، لەوانە وەزیری دەرەوەی ئێران گیان لەدەست دەدەن. 

ئەمە و دەبوایە فڕۆكەكەی جێگری سەرۆكی مالاوی لە دوای سعات 11ی بەیانی بە كاتی گرینیج لە فڕۆكەخانەی مزوزو لە باكوری ئەو وڵاتە بنیشێتەوە، بەڵام لە ئاسمان ون بووە و نەنیشتووەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل