دوای گرتنی لەلایەن هێزەكانی هەسەدەوە، شەوی رابردوو گەنجێك لە شارەدێی زیبان لە دەشتی رۆژهەڵاتی دێر زوو لە ژێر ئازار و ئەشكەنجە گیان لە دەست دەدا و تەرمەكەی رادەستی كەسوكاری دەكەنەوە، هەفتەی رابردووش بە هەمان شێوە گەنجێكیان بێ راگەیاندنی هۆكارەكەی كوشتووە.
جەمیل حەسەن، چالاك ئاماژە دەكات، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی هێزەكانی سووریای دیموكرات گەنجێكیان بە ناوی عەلا محەمەد مێزەر، لە ماڵەكەی لە گەڕەكی لەتووە لە شارەدێی زێبان لە دەشتی رۆژهەڵاتی دێر زوور لە رۆژهەڵاتی سووریا گرت، ئێوارەكەی تەرمەكەیان رادەستی كەسوكاری كردووەتەوە و شوێنەواری ئازاردانی لەسەر بووە.
ئەو چالاكە روونی كردەوە، گرتنی ئەو گەنجە بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵی لەگەڵ دراوسێیەكی بووە، كاتێك هێزەكانی هەسەدە ئەویان لە ماڵەكەی بەرەو بارەگەیەكی سەربازی لە بنكەی عومەری نەوتی بردووە، ئەو بۆ چەند سعاتێك ئازاریان داوە و ئێواری هەینی تەرمەكەیان رادەستی كەسوكاری كردووەتەوە، جیا لە بوونی شوێنەواری توێكاری لەسەر تەرمەكەی، كە گومان هەیە هەندێك لە ئەندامەكانی جەستەی بردرابێت، ئەو گەنجە كەسێكی ئاسایی بووە و سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نییە.
بەپێی قسەی ئەو چالاكە یەكشەمی رابردووش لە شارەدێی درنەچ لە رۆژهەڵاتی دێر زوور بە هەمان شێوە تەرمی گەنجێك بە ناوی عەلا دەغمەش، دوای گرتنی بۆ 10 سعات، رادەستی كەسوكاری كرایەوە و شوێنەواری ئازاردانێكی زۆری لەسەر بووە، تا ئێستە نازانرێت هۆكاری ئەو گرتنانە چییە.
شایەنی باسە هاووڵاتییەكی لە شارەدێی شیلادزێ سەر بە شارۆكەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆك لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا رای گەیاند كە زیاتر لە هەفتەیەكە كوڕێكی لەگەڵ دوو گەنجی تر نادیارن، تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵە، دەركەوت ئەوان زیندوون لای پەكەكەن، لە ماوەی رابردووش لە پارێزگەی نەینەوا و لە نزیك شارۆكەی شنگال، ژمارەیەك كچی عەرب دیار نەمان، دوایی دەركەوت ئەوان لای پەكەكەن.