بنیامین نەتەنیاهۆ کابینەی جەنگی هەڵوەشاندەوە

:: PM:12:24:17/06/2024 ‌
بنیامین نەتەنیاهۆ دوای هەفتەیەک لە کشانەوەی بەنی گانتز لە کابینەی جەنگ، ئەمڕۆ دووشەم بە فەرمی کابینەکەی هەڵوەشاندەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاندووە کابینەکە کاتێک دروست بوو کە گانتز هاتە ناویەوە و ئێستەیش کە ئەو لە کابینەدا نەماوە هیچ پێویست ناکات کابینەی جەنگی بەردەوام بێت.

گانتز کە هاوکات سەرۆکی پارتی یەکگرتووی نەتەوەییە، ساڵی رابردوو دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بڕیاری دا بچێتە نێو کابینەی جەنگەوە.

هێشتا نەتەنیاهۆ زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە و دەتوانێت کابینەیەکی نوێ دابمەزرێنێتەوە بەڵام ئەم جارە ناوی کابینەکەی جەنگ نابێت.

گانتز مانگی رابردوو هۆشداری بە بنیامین نەتەنیاهۆ دا ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەکدا ستراتیجیی نوێی خۆی لەبارەی جەنگی غەزە رانەگەیەنێت ئەوا ناچارە لە کابینەکە واز بهێنێت.

جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کردووە و هەشت مانگە جەنگێکی ماڵوێرانکەر لەئارادایە و سەرووی 36 هەزار کەس بەهۆی جەنگەکە مردوون، ئەوە وێڕای وێرانبوونی کەرتی غەزە و برینداربوونی سەرووی 80 هەزار و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.



وشە - سلێمان تاشان