ئاشکرا بوو حووسییەکان لە کوێوە درۆنیان پێ دەگات

:: PM:02:38:17/06/2024 ‌
میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویان کردەوە سەرەڕای ئەو رێکارە توندانەی لە دژی حووسییەکانی یەمەن گیراوەتە بەر بەڵام ئەوان رێگەی تریان دۆزیوەتەوە بۆ هاوردەکردنی درۆن و بۆیەش توانیویانە لە دژی کەشتییەکان بەکاری بهێنن.

حووسییەکان پێشتر راستەوخۆ لە ئێرانەوە درۆنیان پێ دەگەیشت، بەڵام ئێستە رێگەکە گۆڕدراوە و لە دوو وڵاتی جیبوتی و لبنانەوە درۆنەکان دەگەنە یەمەن.

جیبوتی کەوتووەتە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا و وا دیارە درۆنەکان لە بەندەرێکی ئێرانەوە بۆ بەندەرێکی سڤیلی جیبوتی دەگوازرێنەوە و لەوێوە دەگەنە دەستی حووسییەکان.

سەرچاوەیەکی تر بریتییە لە لبنان و حووسییەکان لەو وڵاتەوە پارچەی یەدەگی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکڕن و بۆ وڵاتی خۆیانی دەگوازنەوە.

بەگوێرەی ''عەرەبیە'' هاوکات کۆمپانیای تایبەت بە بەدواداچوونی تەناهیی بەریتانی ''ئێمبری'' بڵاوی کردەوە کە توانای حووسییەکان نەک کەمی نەکردووە بەڵکوو زیادی کردووە و تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا توانیویانە کۆمەڵێک کەشتی بکەنە ئامانج.

کۆمپانیاکە پێی وایە حووسییەکان هەندێک تەکنەلۆجیای نوێیان بەدەست گەیشتووە و لە دوورەوە دەتوانن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بتەقێننەوە.

حووسییەکان کە لە لایە ئێران پاڵپشتی دەکرێن بە نیشانەی پاڵپشتی لە خەڵکی غەزە ئەو هێرشانە دەکەن و هەرچەندە چەند جارێک بە توندی بەرپەرچ دراونەتەوە بەڵام لە هێرشەکانیان بەردەوامن.




وشە - سلێمان تاشان