رۆژنامەی واشنتن پۆست گفتوگۆی نێوان ترەمپ و تیمی سیكیورتی و هێزەكانی پۆلیسی بڵاو كردووەتەوە چەند ساتێك دوای هەوڵی تیرۆركردنی لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا لە ئەمەریكا.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووزی 2024، رۆژنامەی واشنتن پۆست ناوەڕۆكی ئەو گفتوگۆیەكی بڵاو كردووەتەوە كە لە نێوان ترەمپ و تیمی پارێزەرانی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا رووی داوە دوای هەوڵی تیرۆركردنی و لەوكاتەیدا خوێن بە گوێی راستیدا دێتە خوارەوە.
بەپێی رۆژنامەكە، لەوكاتەیدا ترەمپ گوێی لە دەنگی تەقە بووە، چووەتە ژێر ئەو شوێنەی كە لێیەوە وتاری دەدا و دەستی گرتووە بە گوێی راستی و تەواوی تیمەكانی پۆلیس و ئاسایشە نهێنییەكانی لەگەڵ بوون، خۆیان داوە بەسەر ترەمپدا و داوایان لێی كردووە كە شوێنەكە جێبهێڵێت، بەڵام ترەمپ نكۆڵی كردووە لە جێهێشتنی شوێنەكە و داوای لێكردوون كە رێگەی بدەن سەرەتا پێڵاوەكەی لەپێ بكات.
لەوكاتەیدا ترەمپ ئەو داوایە دەكات، یەكێك لە تیمی ئاسایشی نهێنی بە ترەمپ دەڵێ: تێدەگەم گەورەم پێڵاوەكەت لە پێ نییە، بەڵام خوێن بە سەرتدا دێتە خوارەوە و ترەمپ دووبارە نكووڵی دەكات لە جێهێشتنی شوێنەكە و دەڵێ: لێمگەڕێ پێڵاوەكەم لە پێ بكەم.
وێڕای نكووڵییەكانی ترەمپ لە جێهێشتنی شوێنەكە، دواجار پێڵاوەكەی ترەمپ لەشوێنی گوتاردانی بەجێما.
دوای ئەوەی دوێنێ لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێك بۆ هەوادارانی خۆی و حزبەكەی "كۆمارییەكانی ئەمەریكا"، دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵێكی تیرۆریستی رزگاری بوو، ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا رای گەیاند، پێی سەیرە كە ئەو رووداوە لە ئەمەریكا روو بدات.
ترەمپ ئەوەشی گوت، زۆر سوپاسی دەزگەی خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمەریكا و تەواوی دەسەڵاتی یاسا لە وڵاتەكەی دەكات، كە زۆر بە خێرایی وەڵامی تەقەكەرەكەیان دایەوە. هاوكات هاوخەمی خۆم بۆ كەسوكاری ئەو كەسە دەنێرم كە لە رووداوەكە كوژراوە و لەگەڵیدا ئەو كەسەی بریندار بووە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ دەخوازم.
ئەوە دووەم پۆستی ترەمپە لەدوای تەقەلێكردنی لە گردبوونەوەیەكی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لە پنسلڤانیا، پێشتر ترەمپ گوتبووی، هەستم بە گولەیەك كرد كە بەشی سەرەوەی گوێچكەی راستەمی پێكا، دركم بە روودانی شتێك كرد، چونكە گوێبیستی دەنگی گولەكە بووم، هەستم كرد گولەكە پێستمی بڕی.
نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ناسنامەی تەقەكەرەكەی دیاری كرد كە ناوی ماسۆ كرۆكسە و گەنجێكی تەمەن 20 ساڵە خەڵكی پنسلڤانیا بیسیل پاركە، ئەو بەر لە كوژرانی چەند جارێك تەقەی كردووە، خۆی و كەسێكی تر لە شوێنەكە كوژراون و دوو لە ئامادەبووانی گردبوونەوەكەش بە سەختی بریندارن، ترەمپ لە هەوڵكە رزگاری بووە و تەنیا گوێچكەی بریندارە.
شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەمەریكا دووچاری هەوڵی كوشتن بوونەتەوە لەوانە هەندێكیان كوژراون، وەك ئەبراهام لینكۆلن، 1865 بە دەستی جۆن ویلكس بۆس لە واشنتن كوژرا، جیمس گارفیلد، لە 1881 لە واشنتن دوای دوو مانگ و نیو لە برینداركردنی گیانی لەدەست دا، ولیام ماكینلی، لە 1901 لە نیویۆرك كوژرا، جۆن ئێف كنێدی، لە 1963 لە تەكساس بە دەستی لی هارفی ئۆزاڵد كوژرا.