ئۆكرانیا.. سەربازیی ناچاری دەستی پێ كرد

:: PM:06:57:29/10/2024 ‌

پاش نزیكەی سێ ساڵ لە شەڕی ئۆكرانیا، هێشتا دۆخەكە ئاڵۆزە و وڵاتەكەش پێویستی بە سەربازی زیاترە، بەڵام هاووڵاتییان ئامادە نین چەك هەڵبگرن كە دەزانن ڕێیەكە بەرەو مەرگ، ئەمەش حكوومەتی بەرەو ڕێی ناچاركردنی هاووڵاتییان بردووە.

هاووڵاتییانی ئۆكرانی لە دۆخێكی زۆر مەترسیداردان، چونكە لەلایەن حكوومەتی وڵاتەكەیانەوە ناچاری سەربازی دەكرێن و ئەوانیش نایانەوێت. بەپێی ڕێنوێنیی حكوومەت، هەر پیاوێكی تەمەن 25-60 ساڵ، ئەگەری هەیە لە هەر كاتێكدا بێت حكوومەت بە شێوەی هەڕەمەكی پەلكێشی سەربازگەی بكات.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی "فۆرین پۆلیسی"ی ئەمەریكی، ترسێكی زۆر لەناو هاووڵاتییاندا بڵاو بووەتەوە، چونكە نایانەوێت بەهۆی شەڕەوە ژیانیان لەناو بچێت، ئەمەش وا دەكات بەرەی ئۆكرانیا لەم شەڕەدا بەتەواوی لاواز بكات، لە كاتێكدا بەرەكەی ئەوبەر كە ڕووسیایە، نە كێشەی ژمارەی سەربازی هەیە، نە كێشەی چەك و كەرەستە و لە هەر كاتێكدا بیەوێت هێرش دەكاتە هەر بستە خاكێكی ئۆكرانیا.

كێشەی گەورەی ئۆكرانیا لەم شەڕەدا، نابەرانبەریی توانای سەربازییە، ئەمەش وای كردووە بە بەرزكردنەوەی ژمارەی سەرباز باڵانسەكە دروست بكاتەوە، ئەگینا ئەگەر بە بەراوردی ژمارەی دانیشتوان لێكی بدەیتەوە، هێشتا ڕووسیا سەربازی كەمترە، چونكە تەنیا ملیۆنێك و 500 هەزار سەربازی هەیە، لە كاتێكدا دانیشتوانەكەی سێ هێندەی ئۆكرانیایە بەڵام ئەمان نزیكی یەك ملیۆن سەربازیان هەیە.



وشە - عەبدوڵا عومەر