وەزیری دەرەوەی سوریا: ئاسایشی ئیسرائیل ئاسایشی ئێمەیە

:: PM:02:31:16/01/2025 ‌
ئەسعەد شەیبانی: ئاسایشی ئیسرائیل ئاسایشی سووریایە و بەڵێنی دا بە خێرایی دژی تیرۆر هەنگاو بنێن.

وەزیری دەرەوەی حكوومەتی كاتی سووریا ئەسعەد شەیبانی دووپاتی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بەرانبەر هەڕەشەی نوێ. دووپاتی كردەوە كە ئاسایشی توركیا و ئیسرائیل ئاسایشی سووریایە، بەڵێنی دا بە خێرایی دژی تیرۆر هەنگاو بنێن.

شەیبانی دوێنێ لە میانەی سەردانەكەی بۆ ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، لە لێدوانێكی میدیاییدا گوتی، "ئێمە پەیاممان ناردووە كە سووریا نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێك بە ئیسرائیلیشەوە، وەك چۆن مەبەستمانە ئاسایشی سووریا بپارێزین، دەبێت ئاسایشی وڵاتانی تریش بپارێزین."

گوتی، "ئێمە بە ڕێككەوتنەكەی ساڵی 1974 پابەندین، ڕێككەوتنەكەیش جیاكردنەوەی نێوان خاكی سنووری سووریا و ئیسرائیلە، بەمەیش هەردوولا دەتوانن ئاسایش و ئارامی وڵات بپارێزن.

وەزیر گوتی، "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دۆست دەكەین، فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە خاكی سووریا بكشێتەوە."

لەگەڵ نەهێشتنی ئەم مەترسییانە، دەبوو ڕێز لە سەروەریی سووریا بگیرایە و  دەستوەردان لە خاكی سووریا نەكەن."



وشە - پێشەنگ مەحموود