محەمەد سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، هاوردەى گاز لە ئێرانەوە دەوەستێنین، ئەمەیش هیچ فشارێکی سیاسی نییە و ئامانجمانە پشت بە بەرهەمى ناوخۆیی ببەستین.
بەپێی
لێدوانێکى محەمەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، بڕیارە وڵاتەکە لە ماوەى سێ ساڵدا و تا ساڵى 2028 بە تەواوى هاوردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بوەستێنێت، ئەمەش بەمەبەستى پشتبەستن بە بەرهەمى ناوخۆ و هاوکات بڕیارە لەگەڵ هەردوو وڵاتى سعوودیە و ئەردەن بەردەوام بێت.
سوودانى ئاماژەى داوە، ئەم بابەتە پێوەندى بە هیچ فشارێکى سیاسی و دەرەکییەوە نییە و "ئێمە لەژێر فشارى هیچ وڵاتێکدا نین".
چەندان ساڵە ژێرخانی کارەبای عێراق بەهۆی گەندەڵییەوە وێران بووە و نەتوانراوە پلانێکی سەردەمیانە بۆ زیادکردنی کارەبا دابنرێت، بەڵکو کارەبا لە وڵاتى سعوودیە و وڵاتانی تری کەنداو و ئەردەن لە ڕێگەی تۆڕی کارەباوە وەردەگرێت.
ئەم پلانەی سوودانی دوای ئەوە دێت کە عێراق و ئێران ڕێکەوتنیان هەبوو، ئێران لە ڕۆژێکدا دەبوایە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ عێراق بنێرێ، بەڵام لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا دابینکردنی گاز بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و لە مانگی کانوونی یەکەمدا وەستا، بەهۆی زیادبوونی خواستی ناوخۆیی ئێران و چاککردنەوەی هەندێک لە دامەزراوەکانی غاز، ئەمەش بەپێی گوتەى بەرپرسانى عێراقى بووە هۆى کەمبوونەوەى 9000 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق.
عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکە، لە ساڵی 2023 بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی گاز، ڕێکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ تورکمانستان واژوو کرد بۆ هاوردەکردنی نزیکەی 20 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بۆرییەکانی ئێرانەوە، چونکە عێراق و تورکمانستان سنووریان هاوبەش نییە.