لەگەڵ هاتنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، گوشارەكانی سەر ئێرانی توند كردەوە، وەك خۆی باسی كرد دەیەوێ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران واژوو بكات، هەفتەی رابردوو واژووی لەسەر یاداشتێك كرد بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران و بەسفركردنی هەناردنی نەوتەكەی بۆ دەرەوە، لە بەرانبەردا ئێران دەست بۆ بەهێزترین كارتەكانی دەبات، لەوانە هەڕەشەكردن بە داخستنی گەرووی هورمز، كە پێشتریش ئەو هەڕەشەی كردووە.
گرنگیی
گەرووی هورمز كە كەوتووتە باشووری كەنداو و بە دەریای عەرەبی دەبەستێتەوە، ئەوەیە كە 40% یان سێیەكی نەوتی دنیا لەو رێگەیەوە بۆ بازاڕەكان تێپەڕ دەبێت، بە یەكێك لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەكانی دنیا دادەنرێت، عەلی رەزا تنگسیری فەرماندەی هێزی دەریاوانیی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات.
ئاماژەی كرد، بڕیارێكی لەو شێوە بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەركی هێزی دەریاوانی جێبەجێكردنی فەرمانەكانە ئەگەر لەوبارەوە دەربچێت، ئەمەو لە ساڵانی رابردوو ئێران هەر كاتێك گوشاری كەوتبێتە سەر، هەڕەشەی داخستنی گەرووەكەی كردووە، بۆیە كارتێكی گرنگ و بەردەوامی ئێرانە بە رووی گوشارەكانی ئەمەریكا و نێودەوڵەتی.