سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتر لە باشووری سووریا دەکاتە ئامانج، ئیسرائیلیش لۆبی لە ناو زلهێزەکانی جیهان دەکات بۆ ئەوەی حکوومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوە، کە بۆ ماوەی دوو دەیە دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بوو، دیکتاتۆرێکی دوژمنکارانە و بەهۆی دابەش بوونی مەزەوى سووریاوە بەرەو لاوازی چوو. ئێستە بەرپرسانی تەناهیى ئیسرائیل ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا بە هەڕەشە دەزانن کە هەوڵی یەکخستنی سووریا دەدەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل شوێنی سەربازیی زیاتری لە ناوچە نوێیەکانی باشووری سووریا کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی کۆگاى چەکەکانی رژێمی پێشوو لە دەستی حکومەتی نوێ دوور بخەنەوە. ئیسرائیل ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو ڕای گەیاند، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ هاوکاریکردنی درووزەکان لە باکوری ئیسرائیل، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ڕازیکردنی ئەم کەمینەیە بۆ ڕەتکردنەوەی حکومەتی نوێ.
هەروەها ئیسرائیل لۆبی لە ناو زلهێزەکانی جیهان دەکات لە سەر بیرۆکەی ئەوەی ئەو دەوڵەتە نوێیەی کە لە سووریا سەرهەڵدەدات بیکاتە سیستمێکی فیدراڵی لە ناوچە نەتەوەییە سەربەخۆکان، لەگەڵ چەکداماڵینی ناوچە سنوورییەکانی باشوور لەلایەن ئیسرائیلەوە، بیرۆکەیەک کە حکوومەتی دیمەشق ڕەتی کردووەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد لە باشووری سووریا "داماڵینی سەربازی" ئەنجام بدات. ڕای گەیاند هێزەکانی سەرکردایەتیی سووریا کە جارێک هاوپەیمانی قاعیدە بوون، ڕێگەیان پێ نادرێت لە ناوچەکەدا بن، پارەدان بۆ درووزەکان دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هەڕەشەی کرد ڕێوشوێنی سەربازی بگرێتە بەر بۆ پاراستنی کەمینەی درووزەکانی سووریا، لە کاتێکدا لە کۆتایی هەفتەدا گرژییەکان لە نێوان هەندێک لە درووزەکان و هێزە تەناهییەکانى حکوومەت لە گەڕەکێکی دیمەشق سەریان هەڵد، هەروەها گوتی، ڕێگە نادەین ڕژێمی ئیسلامیی توندڕەوی نوێ لە سووریا زیان بە درووزەکان بگەیەنێت.
لە کاتێکدا ئیسرائیل دەستبەجێ هەوڵ دەدات سنوورەکانی بپارێزێت و ناوچەیەکی پارێزراو دروست بکات، بەڵام کردەوەکانی ڕێگە خۆشکەرن بۆ دیدگای ئیسرائیل بۆ سووریای فیدراڵی کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی هەیە کە لەلایەن درووزە دۆستەکانەوە بەدرێژایی سنوورەکانی کۆنترۆڵ دەکرێت. لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیەدا سووریا دەبێتە یەکێتیی فیدراسیۆنی دەوڵەتان و زۆربەیان سەربەخۆ دەبن و حکوومەتێکی ناوەندیی لاواز دەبێت، دەسەڵاتی زیاتر لە دەستی دەسەلاتە لۆکاڵییەکاندا دەبێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە سنوورەکانی ئیسرائیل پێک دەهێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە 24ی شوبات لە برۆکسل لە کۆبوونەوەی وەزیرەکاندا گوتی، سووریایەکی سەقامگیر تەنیا دەتوانێت سووریایەکی فیدراڵی بێت کە ئۆتۆنۆمی جیاواز لەخۆ بگرێت و ڕێز لە شێوازی ژیانی جیاواز بگرێت. دیدگای ئیسرائیل مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە سووریا بە لاوازی و دابەش بوون بمێنێتەوە، هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن، دەکرێت کاردانەوەی پێجەوانەشی هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئیسرائیل بەرژەوەندییەکی ڕەوای هەیە لە دڵنیابوون لەوەی هیچ هەڕەشەیەک لە سووریاوە لە دژی دروست نابێت. دانیال شاپیرۆ، باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا گوتی "ئیسرائیل و ئەمەریکا بەرژەوەندییان هەیە، دەیانەوێت بزانن ئایا گواستنەوەیەکی سەقامگیر لە سووریا دەتوانێت جێی خۆی بکاتەوە". ناوبراو بە ئاماژەدان بە هێزی بەرگریی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیلی زیاد کرد لە قسەکانیدا: "ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە دەست بەسەردا گرتنی خاکی سووریا و دەستێوەردانی شەڕانگێزانە، ئەوە شتێکی حەتمییە کە ئیسرائیل ببێتە پرسێکی بەهێز لە سیاسەتی ناوخۆیی سووریادا".
ئەوە بە دوور دەزانرێت سەرکردایەتیی نوێی سووریا سیستمێکی فیدراڵی قبوڵ بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئیسرائیل پێشڕەوی کردووە بۆ ئەو کارە لە ماوەی سێ مانگی دوای ڕووخانی ئەسەد، ئیسرائیل ژێرخانی سەربازیی کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی چەک نەکەوێتە دەستی سەرکردە نوێیەکانی سووریا و هێزەکانی تەحریر شام توانا سەربازییەکانیان لاواز بێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا لە وتارێکدا کە ڕۆژی سێشەم لە لووتکەی عەرەبی لە قاهیرە پێشکەشی کرد، کردەوەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە ناوخۆی سووریادا سەرەکۆنە کرد و گوتیشی، "لەو کاتەوەی ئیسرائیل جۆلانی سووریای لە ساڵی 1967 داگیرکرد، هەرگیز لە پێشێلکردنی مافەکانی گەلەکەمان نەوەستاوە". هاوکات ئیسرائیل بە تایبەتی نیگەرانە لەو ڕۆڵەی کە تورکیا لە سووریا دەیگرێتەبەر و بۆ یەکەمجار کاریگەری ڕکابەرە جیۆپۆلەتیکییە گەورەکەی لە ناوچەکەدا ڕاست دەخاتە بەر دەرگای ئیسرائیل.
تورکیا، یەکەم وڵاتی موسڵمانە کە دانی بە ئیسرائیلدا ناوە، هاوپەیمانی ئەمەریکایە و ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسییە. بەڵام پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەمێژە ئاڵۆز بووە، بە تایبەت لە دوای شەڕی غەزە، تورکیا پشتیوانیی لە بزووتنەوەی یاخیبووانی کرد کە لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕژێمی ئەسەدی ڕووخاند. لەو کاتەوە بەرپرسانی ئیسرائیل بێ متمانەییان بە شەرع دەربڕی، ئەمەش بە تەنیا بەهۆی پێوەندییەکانى ڕابردووی لەگەڵ قاعیدە نییە. ئیسرائیل و سووریا لە ساڵی 1948ەوە دوژمنی ڕەزا تاڵی یەکترن، ئەو کاتە سووریا یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتان کە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل دوای ئەوەی ئیسرائیل دروست بوو.
ئیسرائیل هەوڵ دەدات پێوەندییەکانى لەگەڵ کەمینەی درووزەکان لەناو ئیسرائیل و لە سووریا بەهێزتر بکات، بۆ ئیسرائیل پێوەندییە خێزانییە هاوبەشەکان و بەرژەوەندییە تەناهییەکان لەگەڵ درووزەکان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی وڵاتەکە هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپێکی کەمینەی بەهێزدا بکات کە لە نزیک سنوورەکانی دەژین. ئەمیر ئەڤیڤی، بەرپرسێکی باڵای پێشووی سەربازییە و سەرۆکایەتیی دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی ئاسایشە لە ئیسرائیل دەڵێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل قووڵایی ستراتیژی لە سووریادا دروست بکات، پێویستە ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان درووزەکان و ئیسرائیلدا بنیات بنێن، پلانەکانی پارەدان دەری دەخەن ئیسرائیل وەبەرهێنان لە نیازپاکی لەگەڵ دانیشتووانی درووزەکانی خۆیدا دەکات، کە گلەییان لە مامەڵەی پلە دوو لەلایەن حکوومەتەوە کردووە، بەتایبەتی کاتێک باس لە پرسی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و بیناسازی دەکرێت.
ئەڤیڤی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا، ئیسرائیل هیوای ئەوەشی هەیە کە ڕووسیا پێگەی لە سووریادا بەدەست بهێنێتەوە، دوای ئەوەی لە کاتی شەڕەکانی ئەم دواییەدا وازی لە بنکەکانی هێنا، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی پەیوەست بە ئێران لە سووریا ئەنجام دا و هێڵی پێوەندیی کراوەی لەگەڵ ڕووسیادا هەبوو بۆ پووچەڵکردنەوەی کردەوەکانیان.
ڕۆژی دووشەم فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە قەرداحە کە ماڵی باب و باپیرانی بنەماڵەی ئەسەدە، کە باوکی ئەسەد، حافز، لەوێ نێژراوە، هێرشیان کردە سەر کۆگایەکی چەکی سەر بە حکوومەتی لابراوی ئەسەد. ئامانجەکە نزیکەی 40 میل لە باکوری تەرتووسەوە دوور بوو، کە شارێکی بەندەرییە و میوانداری یەکێک لە دوو بنکەی جێهێڵراوی ڕووسیای لە سووریا دەکرد، بنکەی دووەمی ڕووسیا لە هەمان پارێزگا دایە، هەندێک لە درووزەکان ئاماژەیان بە ترسیان لە فەرمانڕەوا نوێیەکانی سووریا کردووە و پشتگیریی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە، لەنێویاندا داوای جیابوونەوەی کۆمەڵگاکەیان لە دیمەشق کردووە.
بەڵام زۆر کەسی تر لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خواستەکانی ئیسرائیلیان سەرکۆنە کردووە، لە کاتێکدا سەرکردەکانی درووز ڕایان گەیاندووە کە لە گەڵ یەکگرتوویین لەگەڵ سووریا، وەک ئاماژە و نیشانەیەک بۆ دابەشبوونەکان لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیدا کەسێک ئاڵای ئیسرائیلی هەڵواسی، بەڵام دواتر ئاڵاکە کێشرایە خوارەوە و سووتێنرا، هەندێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی سووریا نیگەرانن لەوەی ئامانجی ئیسرائیل فراوانخوازییە. ئەوان دەڵێن ئەمڕۆ ئیسرائیل بە دیفاکتۆ کۆنترۆڵی قونەیترە دەکات کە یەکێکە لە سێ پارێزگای سووریا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئیسرائیل.
هەندێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی درووز لە سووریا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ئامانجە ناوچەییە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە سووریا و قووڵکردنەوەی دابەشبوون لەناو کۆمەڵگاکانیدا، کە دەتوانێت سووتەمەنی ئاژاوەگێڕی بەدرێژایی سنووری ئیسرائیل دروست بکات.
سەرکردەی دیاری میلیشیای درووز لە پارێزگای سویەدا لە سووریا گوتی، هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، "ئێمە شەڕمان ناوێت، هەروەها نامانەوێت سووریا ببێتە مەزەوى".
نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانى: وشە