میدیاكانی سووریا ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە كە پێكدادانی هێزەكانی حكوومەتی كاتیی سووریا و چەكدارانی سەربە رژێمی پێشوو، فراوانتر بووەتەوە و گەیشتووەتە ناو دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە. تا ئێستەیش لە ناوچەیەكی دیمەشق شەڕ لە نێوان هەردوولادا هەیە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 10ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، راپۆرتە هەواڵییەكانی سووریا باس لەوە دەكەن كە شەوی رابردوو و تا ئێستەیش، شەڕ لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی حكوومەتی سووریا و چەكدارانی سەربە رژێمی پێشوو لە ناو گەڕەكی حەی مەزە دەستی پێ كردووە و دەنگی تەقینەوە و دەستڕێژی فیشەك دەبیسترێت.
باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیەك لە چەكدارانی سەربە رژێمی پێشوو لە گەڕەكی حەی مەزەی ناوەندی دیمەشق، لە دیواری كۆنكرێتییەوە هێرشیان كردووەتەوە سەر ئاسایش و تەقەیان لێ كردوون و هاوكات بۆمبیان لە شەڕەكەدا تەقاندووەتەوە.
هەواڵەكانی سووریا دەڵێن تەقینەوەیەكی زۆر بەهێز لە مەزەی86 رووی داوە، بەدوایدا دەستڕێژی فیشەك لە نێوان ئاسایش و چەكداران دەستی پێ كردووە. تا ئێستەیش دیار نییە لەو شەڕانەدا تا چەند كوژراو و بریندار هەن.
سامر یوسف بەڕێوەبەری كەناڵ و رادیۆی "شام ئێف ئێم" لە دیمەشق رای گەیاند، پێكدادانەكان لە نێوان ئاسایش و چەكداران زۆر بە توندی لە دیمەشق دەستی پێ كردووە. بەرلە دەستپێكردنی پێكدادانەكان، ئاسایشی حكوومەتەكە ژمارەیەك كەسی سەربە رژێمی پێشوو لە حەی مەزە گرتووە. وێڕای بەردەوامیی شەڕەكان، هاوكات هەڵمەتی گرتنی كەسانی سەربە رژێمی پێشوو لە دیمەشق بەردەوامە.
باسی لەوەش كرد، ئۆتۆمبێلێك كە ژمارەیەك چەكداری سەربە رژێمی پێشووی تێدا بووە، بە بۆمب هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی ئاسایشی گشتی لە مەزە و دواتریش هەڵاتوون، تا ئێستە روون نییە لەو شەڕانەدا چەند كەس كوژراون.
ئەو پێكدادانەی گەڕەكی مەزەی دیمەشق، لە دوای چەند سەعاتێك دێت كە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا، بەڵێنی دا ئەوانەی دەستیان لە پشێوییەكانی وڵاتەكەدا هەیە، راوەدوویان دەنێن و بە سزایان دەگەیەنن.
لە پێنجەمی رابردووەوە كە لە كەناراوەكانی لازقیە، پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و چەكدارانی سەربە رژێمی پێشوو دەستی پێ كرد و تا ئێستەش بەردەوامە، وەك باس دەكرێ لەلایەن حكوومەتەوە زیاتر لە هەزار كەس كە لە عەلەوییەكانی سووریان كوژراون.
كێشەی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ كرد كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكە لەو وڵاتە دەستی پێ كرد و مەبەستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوو. دواتریش رووسیا و ئێران بە روونی هاتنە سەر خەت و پاڵپشتیی رژێمەكەیان كرد و لە رووخان رزگاریان كرد، بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس كوژران و میلۆنانی تریش ئاوارە بوون و وڵاتەكەیان جێهێشت. ئێستەیش ئۆپۆزسیۆن بە پاڵپشتی توركیا ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە.
چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەكانی كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە 26ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش بگەنە دیمەشق و لە بەرەبەیانیی زووی هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمەكەیان رووخاند، بەشار ئەسەد و خێزانەكەی سووریایان بەرەو رووسیا جێهێشت و هەڵاتن.
ئێستە تەحریر شام كۆنترۆڵی وڵاتەكەی كردووە و ئەحمەد شەرع فەرماندەی تەحریر، وەك سەرۆكی سووریا دەستنیشان كراوە و حكوومەتی كاتیی لەو وڵاتە دامەزراندووە.