بۆچی شەیبانی بە نهێنی سەردانی بەغدای كرد؟

:: PM:02:48:15/03/2025 ‌
بەگوێرەی چاودێران، دوای چەند جارێك دواخستنی سەردانەكە، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕۆژی هەینی بە بێدەنگی و بێ هیچ راگەیەنراوێك گەیشتە بەغدا. 

بڕیار بوو سەردانەكەی شەیبانی بۆ بەغدا زووتر ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆكارێك كە بە فەرمی ڕوون نەبوو، سەردانەكە نەكرا، بەڵام شیكەرەوەی سیاسی موجاشە تەمیمی، هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ "كاریگەریی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر عێراق، بەتایبەتی لە تەوەری ئەمەریكا و ئێران، كە بووەتە هۆی دابەشبوونێكی ئاشكرا لە نێوان حكومەتی عێراق و پێگەی هێزە سیاسییەكان كە نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی عێراق دەكەن."

تەمیمی روونی كردەوە كە حكوومەتی عێراق پێی وایە ئەوەی لە سووریا رووی دا، كێشەیەكی ناوخۆی سووریایە و عێراق مافی دەستوەردانی تێدا نییە، پێچەوانەی خواستی جەماوەری سووریا، بەڵام هێزە سیاسییە شیعەكان هەن كە ئەو ڕووداوە بە زیانێكی گەورە بۆ تەوەری ئێران دەزانن، بۆیە ڕەتی دەكەنەوە پێوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا ئاسایی بكەنەوە.

تەمیمی ئاماژەی بەوەیش داوە، "هێزە سوننەكان بە ئاشكرا پشتیوانی لەو گۆرڕانكارییە سیاسییانە دەكەن كە لە سووریا روویان داوە، پێوەندییان بە پڕۆژەی توركیا، قەتەر و ئەمەریكاوە هەیە كە بەدوای رووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوو."

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت، "بۆیە تێبینی ئەوە دەكەین كە گوتاری سیاسی و حكوومی لە عێراقدا هەمەچەشنە، بە پێچەوانەی هەندێك وڵاتی تر كە شۆكی ئەوەی لە سووریا ڕووی دا هەڵمژی و هەنگاویان ناوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا لە رێگەی ریالیزمی سیاسییەوە ".

تەمیمی گوتی، "ئەوەی لە سووریا رووی دا بەشێكە لە پڕۆژەی ئەمەریكا لە ناوچەكە و هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەرگەی ئەم پڕۆژەیە بگرێت، ئەوەی بشتوانێ رووبەڕووی سزا و رێوشوێنی توند دەبێتەوە."

هەروەها دەشڵێت: "بۆیە حكوومەتی عێراق دژایەتی ئەو ناكات، بەڵكو بەڕێوەبەری هەواڵگری ناردووە بۆ دیمەشق و هەروەها پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سووریا ئەسعەد شەیبانی كرد كە بە فڕۆكەیەكی عێراقی، كە تایبەت بوو بە گواستنەوەی گەیشتە بەغدا. ئەمەش بەڕوونی ئەوە دەردەخات كە حكوومەتی عێراق ئاگاداری مەترسی چارەسەركردنی ئەم پڕۆژەیەیە و هەوڵ دەدات بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات."

لەبارەی هۆكارەكانی نهێنیبوونی سەردانەكە، بەگوێرەی سەرچاوەیەك لە حكوومەتی سووریا، سەردانەكە بۆ دووركەوتنەوە لە مەترسیی تەناهی بۆ سەر شەیبانی هاتووە، تەمیمی پێی وایە "بەهۆی هەستیاریی سەردانەكە و سیستمی سیاسی، سەردانەكە بە نهێنی كراوە و بۆ ئەوەی دوور بكەونەوە لە هەر هەڵمەتێكی بەرپەچدانەوەی میدیایی و سیاسی".

تەمیمی ئاماژەی بەوەش كرد، "ڕێوشوێنی تەناهی و نیگەرانییەكانی سووریاش هۆكارێك بوون كە وایكرد سەردانەكە زیاتر لە جارێك دوابخرێت، بە لەبەرچاوگرتنی راستییەكان و كەشوهەوای ناوخۆی عێراق، كە دژایەتی هاتنی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەیان بۆ بەغدا دەكرد".





وشە - پێشەنگ مەحموود