بەریتانیا: پوتین بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆكراینا رژد نییە و یاریی پێ دەكات

:: PM:03:52:15/03/2025 ‌
بە ناوەندگیریی ئەمەریكا كە سەرپەرشتیی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا بۆ وەستانی جەنگەكەیان دەكات و لە سعوودیە بەڕێوە دەچێت، داوا لە هەردوو وڵات كراوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەست رابگەیەنن، ئۆكراینا ئامادەیی هەیە و تا ئێستەیش رووسیا وەڵامی پێشنیارەكەی ئەمەریكا نەداوەتەوە. سەرۆك وەزیرانی بەریتانیایش دەڵێت، پوتین بۆ دانوستان رژد نییە و یاریی بە دۆخەكە دەكات.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ شەموو 15ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، كیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی ئەو دانوستانەی لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت بۆ وەستانی جەنگەكە، دووپاتی كردووەتەوە كە پوتین بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆكراینا رژد نییە و یاری بە دۆخەكە و دانوستانەكە دەكات.

ستارمەر  لە بەیاننامەیەكدا زیاتر گوتی، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بۆ دانوستان رژد نییە، لە كاتێكدا تا ئێستە ئەمەریكا بۆ ئاگربەست چاوەڕێی وەڵامی رووسیایە. بۆیە ناكرێ رێگە بە پوتین بدەین یاری بە دانوستانەكە بكات، روونە كە پوتین پێشنیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای فەرامۆش كردووە، ئەوە روونی كردووەتەوە كە بۆ دانوستان رژد نییە. ئاژانسی "ئەسۆشیتد پرێس" ئەوەی بڵاو كردووەتەوە.

دواتریش سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئەگەر مۆسكۆ لەسەر دانوستان رازی بێت، لەسەر ئێمەیە ئامادەكاری بكەین بۆ چاودێریی ئاگربەستی رژد بۆ هێنانە كایەی ئاشتیی هەمیشەیی، خۆ ئەگەر رووسیا رازی نەبێت، پێویستە پاڵەپەستۆی رژدیی ئابووریی بخەینە سەر پوتین تا جەنگەكە بوەستێنێت.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د