رۆژنامەیەك هۆكاری واژووكردنی رێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق ئاشكرا دەكات

:: PM:05:00:15/03/2025 ‌

ئەمەریكا یەكێكە لە كارەكتەرە سەرەكییەكان لە گۆڕەپانی سووریا، بەتایبەتی لە دوای پاشەكشەی رووسیا، كە تا ئێستە گومان هەیە دەستبەرداربوونی مۆسكۆ لە بەشار ئەسەد و رێگەدان بە رووخانی رژێمەكەی ئەمەریكای لە پشت بێت، رۆژنامەیەكی ئەمەریكی باسی گوشاری واشنتن لە هەسەدە دەكات بۆ واژووكردنی رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا باسی وردەكاریی رۆڵی ئەمەریكا لە رێككەوتنی دوایی لە نێوان هەسەدە و دیمەشق دەكات و دەڵێت، بەپێی قسەی ئەفسەرانی ئەمەریكا، هێزەكانی ئەو وڵاتە گوشاریان خستووەتە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی دیمەشق.

وەك شرۆڤەكاران ئاماژەی بۆ دەكەن ئەوە هۆكاری واژووكردنی رێككەوتنی كتوپڕی نێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لێك دەداتەوە، رۆژنامەكە ئاشكرای كرد بابەتەكە پێوەندی بە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا هەیە كە وای كرد لە رێككەوتنی هەردوولا پەلە بكرێت.  

بەپێی رۆژنامەكە بابەتەكە هەر ئەوەندە نییە، بەڵكو ئەمەریكا گوشاری لە سوپای ئازادی سووریا كردووە بۆ رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق، راپۆرتەكە دووپاتی كردەوە ئەو گوشار و هەوڵانەی ئەمەریكا بۆ سەقامگیركردنی دۆخی ئەو وڵاتە و رێگرتن لە دروستبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی، كە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش و رێگرتن لە ئەمەریكا لە داڕشتنی داهاتووی سووریا.

لای خۆیەوە جی دی فانس جێگری ترەمپ لەبارەی رووداوەكانی دوایی سووریا دەڵێت، واشنتن هێزی سەربازی رەوانەی سووریا ناكات بۆ پاراستنی پێكهاتەكان، بگرە رێگەی تری بۆ ئەوە هەیە، دەتوانین زۆر شت لە رووەكانی دیپلۆماسی و ئابووری بۆ پاراستنیان بكەین لە سایەی ئەو دەسەڵاتە توندڕۆیەی لەوێ هەیە، ئێستە قسە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان بۆ پاراستنی مەسیحی و درووزەكان دەكەین، كاتێك عێراقمان داگیر كرد كۆمەڵگەی مەسیحیمان لەوێ لەناو برد، بۆیە رێگە نادەین مەسیحییەكان لە سووریاش لە ناو بچن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل