كورد و سریانییەكان رەشنووسی دەستووری كاتیی سووریا رەت دەكەنەوە

:: PM:05:52:15/03/2025 ‌

پێنجشەمی رابردوو لە دوای تەنیا چەند رۆژێك لە واژووكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق سەبارەت بە پێوەندییەكانی باكوری رۆژهەڵات و ئیداری كاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی ئەو وڵاتە رەشنووسی دەستووری قۆناغی كاتیی سووریای واژوو كرد، كە چەندان بڕگە و مادەی لە خۆ گرتووە و زیاتر سەرنجی خستوەتە سەر دەسەڵاتەكانی شەرع و ئاین و ناسنامەی دەوڵەت كە ئیسلامیی عەرەبییە.

ئەوەی تێبینی دەكرێت لە رەشنووسەكە كە لە لایەن لیژنەیەكی حەوت كەسی ئامادە كراوە، تەنیا سەرنج خراوەتە سەر بابەتێك، لەوانە ئاینی وڵات و سەركۆمار و سەرچاوەی دەستوورەكە كە ئیسلامە و وڵاتەكەش عەرەبییە، جیا لەوە باسی دەسەڵاتەكانی سەركۆمار دەكات لە فەرمانڕەوایەتی و هەڵبژاردنی بەشێكی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل و راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەكە، لە بەرانبەردا بەتایبەتی لە لایەن كورد و سریانەكان رەت كرایەوە.

دوێنێ لە چەند شارێكی سووریا، بەتایبەتی لە عامودا و حەسەكە و قامیشلۆ ناڕەزایەتیی جەماوەری لە دژی دەستوورەكە دروست بوو، جیا لە ناڕەزایەتییەكان لەسەر ئاستی سیاسی و فەرمی، شەلال گدۆ ئەندامی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، رەشنووسی دەستوورەكە سیاسەتی پەراوێزخستن جێگیر دەكات.

روونی كردەوە، رەشنووسەكە باسی دامەزراندنی دەسەڵاتێكی تەواو ناوەندی دەكات، واتە دوورخستنەوەی پێكهاتەكان و چەسپاندنی دەسەڵاتێكی خۆسەپێن، كاتێك سوورییەكان شۆڕشیان كرد و سەتان هەزار شەهیدیان دا و ملیۆنانیان لە ناوخۆ و دەرەوە ئاوارە بوون، مەبەستی ئەوان گۆڕینی دیكتاتۆرێك بە یەكێكی تر نەبوو، تا ئێستەش پێكهاتەكانی گەلی سووریا چاویان لە دیموكراسی و مافی مرۆڤ و یەكسانییە لە نێوان ژن و پیاو، بۆیە داوای سیستمێكی دیموكراسیی پەرلەمانی دەكەن كە مافی هەموو پێكهاتەكان فەراهەم بكات. 

دووپاتی كردەوە، رەشنووسەكە ددان بە جیاوازیی بەرانبەر دانانێت و تاكئاینی بەسەر سووریا دەسەپێنێت و ئەندامانی ئاینەكانی تر دەكاتە هاووڵاتیی پلە دوو و جیاوازی دەخاتە نێوان سوورییەكان لەسەر بنەمای ئاین و ئەتنییەوە، بۆیە پێویستە هەموو سوورییەكان خۆیان یەك بخەن و گوشاری سیاسی و ئاشتییانە بكەن بۆ گۆڕینی رەشنووسەكە، لەوانە ماوەی كاتییەكە كە پێنج ساڵە.     


ئەمە و دوای پەسندكردنی رەشنووسی دەستووری قۆناغی كاتی سووریا لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سووریا، هەریەك لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا "ئەنەكەسە"و ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات و حزبی یەكێتی سریانی رەخنەی توندیان لە رەشنووسی دەستوورەكە گرت و بە هەنگاوێكیان بەرەو چەسپاندنی سیاسەتی تاكڕەوی لە دەسەڵات و فەرامۆشكردنی پێكهاتەكان و جۆراوجۆریی كۆمەڵگەی سوورییان لە قەڵەم دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل