درووزەكان ناڕازین و ئاڵای خۆیان هەڵدەكەن

:: PM:07:32:15/03/2025 ‌

دوای ئەوەی پێنجشەمی رابردوو ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتیی سووریا واژووی لەسەر رەشنووسی دەستووری قۆناغی كاتی سووریا كرد و لە دەستوورەكە حسێبێكی ئەوتۆی بۆ پێكهاتەكانی سووریا نەكرد، ناڕەزایەتی لە دژی ئیدارەی نوێی سووریا زیاتر كرد، بەشێك لە درووزەكان وەك ناڕەزایەتییەك ئاڵای خۆیان لە بری ئاڵای نوێی سووریا لە پارێزگای سوەیدا هەڵكرد.

بەپێی چەند تۆمارێكی ڤیدیۆیی، هاووڵاتییانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا كە زۆرینەی پێكهاتەی درووزە، ئاڵای نوێی سووریایان لەسەر تەلارێك هێنا خوارەوە و ئاڵای خۆیان لە شوێنی هەڵكرد، لای خۆیەوە حیمەت هیجری رێبەری رۆحی تایفەی درووز رای گەیاند كە رەشنووسی دەستوورە كاتییەكە نالۆجیكییە، بەها نیشتمانییەكانمان نەگۆڕە، بەڵام كاتێك بابەتەكان بگەنە بیركردنەوەیەكی هەڵە پێوەست بە چارەنووسی وڵات، پێویستە قسەمان هەبێت. 

هیجری دووپاتی كردەوە، درووزەكان هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن و دەستدرێژی ناكەنە سەر كەس، داوای ئەوەش دەكەن كەس دەستیان بۆ درێژ نەكات، دووپات لە یەكێتی خاك و گەلی سووریا و بنیاتنانی دەوڵەتێكی دیموكراسیی دەستووری دەكەینەوە.

شایەنی باسە دوای پەسندكردنی رەشنووسی دەستووری قۆناغی كاتی سووریا لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سووریا، هەریەك لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا "ئەنەكەسە"و ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات و حزبی یەكێتی سریانی رەخنەی توندیان لە رەشنووسی دەستوورەكە گرت و بە هەنگاوێكیان بەرەو چەسپاندنی سیاسەتی تاكڕەوی لە دەسەڵات و فەرامۆشكردنی پێكهاتەكان و جۆراوجۆریی كۆمەڵگەی سووریا لە قەڵەم دا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل