ماوەیەكە باسی گوشار و هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا عێراقییەكان و حەشدی شەعبی دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند ساڵی دوایی وەك باڵێكی سەربازیی ئێران هێرشیان كردە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و لە دوای هێرشەكەی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوانە وایان كرد عێراق لە نێوان سزای ئابووری و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان سەرپشك بكرێت.
لە ساڵانی دوایی جیا لە زیادكردنی بودجەی ساڵانەیان، حەشدی شەعبی لە رووی ژمارە و چەكدارییەوە بە تەواوەتی پەرەی سەندووە، ئەو گرووپە لە زیاتر لە 70 میلیشیای جیاواز و زیاتر لە 200 هەزار چەكدار پێك هاتووە، لەوەش مەترسیدارتر چەكەكانیانە، كە بەراورد بە چەكی سوپای عێراق بەهێزتر و پێشكەوتووترن و بەر فەرمانی ئێران دەجووڵێنەوە.
د. ئەحمەد شەریفی شارەزای ستراتیجی دەڵێت، ئەو توانا سەربازییانەی میلیشیاكان هەیانە لە رووی رێكخستن و توانای مەیدانییەوە دەگاتە ئاستی توانای سوپای عێراق و زیاتریشە، بەتایبەتی لە توانای ئاسمانیدا، ئەوان خاوەنی مووشەكی دوورمەودا و پێشكەوتوون، جیا لە درۆن، بۆیە تەنیا هاوتای سوپاكە نین، بەڵكو لە سوپاكە بەهێزترن.
روونی كردەوە، جیا لەوانە بەشێك لە میلیشیاكانی عێراق لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو وڵاتە كار دەكەن، ئەوەش لەگەڵ سیاسەتی باڵای دەوڵەتی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان ناگونجێت.
جیا لەو چەكانەی لە ئێران وەری دەگرن لە مووشەكی جۆراوجۆر و درۆنی پێشكەوتوو، ئەوان لە دوای رووخانی رژێمی سەدام و تا هاتنی داعش و رووخانی سویای عێراق لە 2014 و دوای ئەوەش، چەكیان دەست كەوتووە، شارەزایانی ئێرانی سەرپەرشتیی پەرەپێدانی مووشەك و درۆنەكانی حەشدی شەعبی دەكەن، ئەوەش وای كردووە شارەزایان میلیشیاكان و حەشدی شەعبی بە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق بزانن، بەتایبەتی كە ئەوان لە ئێرانەوە نزیكن و بۆ بەرژەوەندیی ئەو كار دەكەن، بۆیەش عێراق كەوتووەتە ژێر گوشارێكی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنیان.