فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە، دوای هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمەریكا لە حووسییەكانی یەمەن، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە دەریای سوور، هێرشێكی تریان كردووەتە سەر حووسییەكان و زیاتر لە 20 كەسیان كوشتووە و 20ی تریش بریندارن.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 16ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا "سینتكۆم"، دوو گرتەی ڤیدیۆییان بڵاو كردووەتەوە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا، هێرشیان كردووەتە سەر پێگەكانی حووسییەكان لە دەریای سوور و لەو هێرشەدا 23 چەكداریان كوژراون و زیاتر لە 20 كەسی تریشیان بریندارن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە هێرشەكانیان بۆ سەر حووسییەكانی سەربە ئێران، بەردەوامیی دەبێت.
لەلایەكی تریشەوە ئاژانسی "رۆیتەرز" لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكان، تا چەند رۆژێك بەردەوامیی دەبێت، ئەگەر پێویست بكات رەنگە چەند هەفتەیەكیش هێرشەكان بەردەوام بن.
پێشتر لە پێگەی "تروس" سۆشیال" دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئەمەریكا هێزێكی بكوژی داپڵۆسێنەر لە دژی حووسییەكان بەكار دێنێ تا ئەوكاتەی دەگەینە تەواوی ئامانجەكانمان.
لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردبوو كە دواتر ئیسرائیل لاوازی كردن، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.