سەرۆكی ئەمەریكا بودجەی حەوت دەزگای راگەیاندنی راگرت، یەكێك لەوان دەنگی ئەمەریكایە كە ماوەی چەندان ساڵە بە زمانی كوردی پەخش دەكات.
لە رۆژی هەینییەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، بڕیاری راگرتنی هاوكاری بۆ دەزگاكانی راگەیاندن واژوو كرد، حكوومەتەكەشی رای گەیاند، بڕیارەكە بۆ ئەوەیە چیتر باجدەرانی ئەمەریكا نەبنە كەرەستەی پڕوپاگەندەی توندڕۆكان.
مایكڵ ئابرامۆویتز بەڕێوەبەری گشتیی دەنگی ئەمەریكا رای گەیاند، خزمەتگوزاریی میدیاكەیان بە زیاتر لە 50 زمانی جیاواز لە سەرانسەری دنیادا بڵاو دەكرایەوە و هەفتانە دەگەیشتە نزیكەی 360 ملیۆن كەس.
ئەم فەرمانە چەندان لایەنی تری كردووەتە ئامانج، لەوانە دەزگای ناوەندگیری و سازانكاری فیدراڵی كار، سەنتەری نێودەوڵەتی وودرو ویلسۆن بۆ زانایان لە دامەزراوەی سمیتسۆنیەن، پەیمانگەی خزمەتگوزاریی مۆزەخانە و كتێبخانە، ئەنجوومەنی نێوان دەزگاكانی ئەمەریكا بۆ بێ ماڵوحاڵەكان، سندووقی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و دەزگای پەرەپێدانی بازرگانیی كەمینەكان.
ئاژانسی ئەمەریكا بۆ میدیای جیهانی دەزگایەكی سەربەخۆی ئەمەریكایە، سەرپەرشتیی پەخشی هەواڵ و زانیاری دەكات بە زیاتر لە 50 زمان، لەوانە كوردی، فارسی، توركی و زمانەكانی تر.
هەواڵی میدیاكان باس لەوە دەكەن ئەو دەزگایانە لەم هەفتەیەدا زۆرینەی كارمەند و رۆژنامەنووسەكانیان دەنێرنەوە ماڵەوە، چیتر بەشێوەی پێشوو بەردەوام نابن و بە پارەیەكی كەم خۆیان بەڕێوە دەبەن.