كاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پەیامێكی توندی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد و رای گەیاند، ئیتر تەمەنت بەسەرچوو و سەردەمی تۆ كۆتایی هاتووە.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی كۆركوسوز، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ و كاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی لە ئەنكەرە رای گەیاند، ئیتر لە توركیا كات كاتی گۆڕانكاری و نوێبوونەوەیە.
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمە یاسای ژیان و یاسای سیاسەتە، ئەوانەی سەردەم و تەمەنیان بەسەرچووە دەڕۆن، لە كاتێكدا لە خۆیدا ئەردۆغان كۆتا خولێتی، تەمەنی بەسەرچووە و ئیتر سەردەم سەردەمی گەنجە.
بڕیارە لە 2028 هەڵبژاردنی گشتی لە توركیا بەڕێوە بچێت، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بە سەختترین و بەرچاوترین ركابەری ئەردۆغان دادەنرێت لە هەڵبژاردنەكەدا.
میدیای ئەو وڵاتە دەڵێن، بێبەشكردنی ئیمامئۆغڵو لە كاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار ئەگەرێكی كراوەیە، چونكە سەرۆك كۆماری توركیا ترسی لە شكست بەرانبەر جەهەپە و كاندیدەكەی هەیە، بۆیە ئێستە چەند تۆمەتێكی گەندەڵی لە دادگا لە دژی ئیمامئۆغڵو جووڵێنراوە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو لە ساڵی 2019ەوە سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵە، كەسێكی دیارە و لەناو خەڵكیشدا خۆشەویستە و ئەگەری سەركەوتنی هەیە.